هەڵمەتی بەرگرتن لە وێرانکردنی گوێژە بەردەوامە و ئەمجارە شاعیری گەورەی کورد هاتە دەنگ.
لەتیف هەڵمەت شاعیری گەورەی کورد لەسەر تێکدانی شاخی گوێژە هاتە دەنگ و لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تووڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وەکوو دەربرینی نارازەیەتی بەم کردەوە، شیعرێکی نووسیوە و بڵاویکردووەتەوە.
دەقی شیعرەکەی لەتیف هەڵمەت:
ئەو چیایە
وا مەزانن ئەو چیایە
هەر کۆمەڵێ بەرد و کەڤر و گژ وگیایە
هەربەردێکی جانتایەکە عەشقنامەی
عاشقێکی لە بندایە
هەر کەڤرێکی ئاوێنەیە و
وێنەی سەد شەهیدی تیایە
هەر کانییەک لەو چیایە هەڵقوڵاوە
ئاو نیە خوێنی شەهیدە
بۆبەرگری لەو چیایە ڕژاوە
هەموو پووش و پەڵاشێکی ئەو چیایە
ڕمی ژەهراوی ناودڵی
سەد سوڵتان و نادرشایە
ئەو چیایە تووڕە مەکەن تکایە
با هەمووتان تێکنەشکێنێ
بەشەپۆلی ڕەشەبایە