پەرواز حسێن بۆ یەكەمجار لەبارەی وردەكاری نەخۆشییەكەی قسە دەکات

خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیاری کورد پەرواز حسێن دوای تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجەی ریخۆڵە، بۆ یەكەمجار سەبارەت   بە بە وردەکاری نەخۆشییەکەی و ئەو ساتە سەختانەی کە تێیدا ژیاوە قسە دەکات و دەڵێت" نەخۆشیەکەم تووشی ئازاری سک و خوێنبەربوونم دەکات". 

بەرواز حسێن لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی عەرەبی (سيدتي)، دەربارەی چۆنیەتی تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە و وەرگرتنی چارەسەر نوێترین زانیارییەكانی ڕاگەیاند. 

بەم دواییە هەواداران و خۆشەویستانت بە باری تەندروستی خۆتەوە سەرقاڵ کرد کە بە هەواڵی ڕاگەیاندنەکەت کە تووشی شێرپەنجە بوویت سەریان سوڕما، هەستت چۆن بوو كە ئەم هەموو خۆشەویستی و پەیامەت پێگەیشت لەلایەن هەوادارەكانتەوە؟

ڕاشکاوانە بڵێم، دوای ئەوەی هەواڵەکەم ڕاگەیاند، دەیان پەیوەندیم بە تەلەفۆنی تایبەتی خۆمەوە و هەزاران نامە لە سۆشیال میدیای خۆمەوە بۆ هات، ئەو خۆشەویستییەی هەوادارانم گەورەیە و وەسف ناکرێت، یەکەمجار کە لە سەرەتای ژیانی هونەرییەوە تا ئەم ڕادەیە هەست بەم خۆشەویستییە دەکەم، ئەم خۆشەویستییە هیوا و وزەی ئەرێنی پێبەخشیم بۆ بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکەم، هەر ئەمەش وایکرد بە فەرمی نەخۆشییەکەم ڕابگەیەنم.

لێدوانەکەت سەبارەت بە نەخۆشییەکەت بەوهۆیەبوو كە هەموو هەواڵەکانت لەگەڵ بینەرەکانتدا بەشدەکەیت، جا تایبەت بێت یان هونەری؟ هەوادارانت وەک خێزانەکەت تەماشا دەکەیت؟

ڕاستگۆیانە کاتێک زانیم کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا تووشی شێرپەنجە بووم، ویستم تا چارەسەرکردنم تەواو نەبێت ڕاینەگەیەنم، بەڵام نازانم چۆن هەواڵەکە مانگێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەوە، هەندێکیان لەبارەی هەواڵی نەخۆشییەکەمەوە وتیان کە ئەوە درۆ و دەنگۆیە و دەیەوێت زیاتر بەناوبانگ بێت، پاشان هەموو ئەمانە وای لێکردم بە فەرمی نەخۆشییەکەم ڕابگەیەنم، بە دڵنیاییەوە ئەمە باشترە، هەواداران و خۆشەویستانم مافی خۆیانە هەواڵەکانم بزانن، ئەگەر ئەوان نەبوایە لە هونەر و مۆسیقادا نەدەگەیشتم بەم قۆناغە.

ئایا ئامانجت هۆشیارکردنەوەش بوو سەبارەت بە نەخۆشییەکەت؟ ئایا بە نیازی بەشداری لە سیمینارەکانی هۆشیاری دەربارەی ئەو بابەتە بکەیت؟

بێگومان ئامانجم هۆشیارکردنەوە دەبێت لەسەر نەخۆشییەکە، کاتێک چارەسەرکردنم بە سەرکەوتووی تەواو کرد، بەشداری سیمینارەکانی هۆشیاری لەسەر دەکەم.

کەی زانیت تووشی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بوویت؟

بە نزیکەیی لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵدا.

هەواڵەکان چۆن کاریگەرییان لەسەر تۆ هەبوو؟ ئایا تووشی شۆک بوویت؟

بێگومان هەواڵەکە شۆککەر و تەواو چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام سوپاس بۆ خودا بۆ هەموو شتێک، ئێمەی مرۆڤ بەرامبەر هەموو شتێک ئامادەین، ئەمە ئەزموونێکە کە هەر کەسێک دەتوانێت هەیبێ.

هەستت بە چ نیشانەیەک کرد؟

ئازاری سک لەگەڵ خوێنبەربوون.

یەکەم کەس کە هەواڵەکەت پێدا کێ بوو؟ ئەی دوو کچەکەت چی؟

هاوڕێ و براکەم دکتۆر سالار و بێگومان خێزانەکەم، دوو کچەکەم لە سەرەتاوە تا ئێستا لەگەڵم بوون.

کاتێک هەواڵەکەت زانی گریای؟

زیاتر شۆک بووم بۆ من نەک هەستێک کە وای لێکردم بگریم، بەڵام وەک لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەم پێدا، هەمیشە و بۆ هەمیشە ستایش بۆ خودا بێت.


دوای زانینی هەواڵەکە، بڕیارتدا بە زۆر ڕووبەڕووی نەخۆشییەکە ببیتەوە، یان بۆ ساتێک هەستت کرد وازت لێبهێنیت؟

هەموو مرۆڤێک هەندێک جار لاوازە، بەڵام لەگەڵ ئەم نەخۆشیەدا دەبێت هەموو کەسێک بەهێز بێت و هەرگیز دەستبەرداری نەبێت، چونکە لایەنی دەروونی زۆر گرنگە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییە.

ئایا پەیوەندیت لە هونەرمەندانەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی بزانن دۆخی تەندروستیت چۆنە؟

بێگومان لە زۆرێک لە هونەرمەندانی کورد و عەرەب و هاوڕێکانم لە بەرنامەی (عەرەب ئایدڵ)ەوە پەیوەندیم پێوەکراوە و سوپاسی هەموویان دەکەم.

تا ئێستا چ قۆناغێکی چارەسەرکردنت بەسەر بردووە؟

چوار جار چارەسەری کیمیاییم بۆ کراوە و دواتر نەشتەرگەریم بۆ دەکرێت، بەڕێزان پرۆسەکە بە هیچ شێوەیەک ئاسان نییە، دواتر دانیشتنەکانی تری چارەسەری کیمیایی و ڕەنگە تیشکدانەوەش بە هەمان شێوە.

ئەی کارە هونەری و ئامادەکارییە نوێیەکانت؟

ڕاستگۆیانە ئێستا هەموو شتێکم ڕاگرتووە، وەک دەزانن لە ئێستادا لە چارەسەردام، چارەسەری کیمیایی کاریگەری زۆر بەهێزی هەیە و ئازارێکی نائاسایی دروست دەکات، پێویستە پشوو بدەم، سەرنجم لەسەر تەندروستی خۆم بێت و لەگەڵ خێزان و خزمەکانم دابنیشم، خوای گەورە هەموو لایەک بپارێزێت.

ڕۆژی ١٥ی مانگی ڕابردوو پەرواز حسێن بڵاویکردەوە کە لەگەڵ نەخۆشی (شێرپەنچەى ڕیخۆڵە) دەجەنگێک و لە ئێستادا لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیدایە.

هەروەها دوای چەند ڕۆژێکیش گۆران ساڵح کە تائێستا بەشێوەیەکی فەرمی نەزانراوە لە پەرواز جیابۆتەوە یاخود نا، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە بێدەنگی شکاند و پەیامێکی ئاڕاستەی پەرواز حسێن کرد و ڕایگەیاند" ئەوانەی چاوەرێی کەوتنت دەکەن بێ ئاگان لەوەی کە تۆ لە سەرەوە تەماشایان دەکەیت". 

پەرواز حسێن لە ساڵی ١٩٨٩ لە شاری رانییە لە دایکبووە، ئێستا لە شاری هەولێر نیشتەجێیە، چەند ساڵێک پێش ئێستا هاوسەرگیری لەگەڵ هونەرمەند (گۆران ساڵح) کردووە کە خاوەنی دووکچن بە ناوەکانی (گلێنە و گۆنا)، پەرواز ساڵی ٢٠١٣ لە کێبرکێی عەرەب ئایدڵدا وەک کچە گۆرانیبێژێکی کورد ناوبانگێکی باشی دەرکرد، لە ئێستاشدا خاوەنی چەندین بەرهەم و ڤیدیۆ کلیپە بە زمانی کوردی و عەرەبی.


PM:01:54:05/06/2024