لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤ ژمارەی توندتیژی خێزانی ١٤ هەزار زیاترە لە عێراقدا


سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ  رایدەگەیەنێت " لەساڵی ٢٠٢٤ توندتیژی خێزانی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەوپێیەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 14 هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانیی تۆمارکردووە.

فازل غەراوی لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردۆتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢١ هەزار حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی تۆمارکراوە، لە ساڵی  پاردا رێژەکە دابەزیوە بۆ ١٥ هەزار حاڵەت، بەڵام ئەمساڵ ٢٠٢٤ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە.

غەڕاوی دووپاتیکردەوە، ئەو رێژەیەی ئەنجوومەنی دادوەری و وەزارەتی ناوخۆی عێراق تۆماریانکردوون، هێشتا رێژەی راستەقینە نین، بەوپێیەی بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە، زۆرینەی ئەوانەی توندوتیژییان بەرامبەر کراوە نەچوونەتە بەردەم دادگا و سکاڵایان تۆمار نەکردووە، ئەو دەڵێت " ژمارەی ئەوانەی سکاڵایان تۆمارنەکردەوە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا دەگاتە سەدان هەزار کەس".

ئاماژە بەوەش دەکات، زۆرترین رێژەی توندوتیژیی خێزانی بەرامبەر بە منداڵان کراون، دوای ئەوانیش ژنان و کەسانی بەساڵاچوو، پیاوانیش بێبەشنەبوون لە ئەنجامدانی توندوتیژی.



PM:02:53:11/06/2024