دەسەڵاتدارانی ئیتالیا تەرمی شەش کەسیان لە کۆچبەرانی کورد دەرهێناوەتەوە


سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیتاڵیا ڕایانگەیاند کە " دوای نووقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەران گەڕان بە دوای کەسانی ونبوودا بەبێ وەستان بەردەوامە و تا ئێستا شەش تەرمی مردوویان دۆزیوەتەوە".

ئاکانیوز کە ئاژانسی هەواڵی ئیتالییە بڵاویکردەوە " دوای نوقمبوونی بەلەمی کۆچبەران، کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر نزیکەی ١٢٠ میل دەریایی لە کەناراوەکانی کالابریا ڕوویدا،  ئێستاش بەلەمەکە نیمچە ژێرئاوکەوتووەکە دیارەو ئەمڕۆ شەش تەرمیان دەرهێناوەتەوە".

سەرچاوەکەیان کە لە کالابریاوە لە شوێنێ رووداوەکە لە ئیتالیا بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، کە گەڕان بەشوێن تەرمەکاندا بەردەوامەو  "جگە لە کەشتی پاسەوانی کەناراوەکان (داتیلۆ)، فڕۆکەی سیخوڕی مانتا ئەتر-٤٢ و فڕۆکەکانی دیکەش بڕیارە ئەمڕۆ بەسەر ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکاندا بفڕن، بە هەماهەنگی سەنتەری ڕزگارکردنی دەریایی لاوەکی لە ڕێجیۆ کالابریا .”

سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە کە "ئەو ئۆپەراسیۆنانەی گەڕان کە تا ئێستا ئەنجامدراون، بووەتە هۆی دەرهێنانەوەی شەش تەرمی بێ گیان"، لەکاتێکدا "یازدە ڕزگاربوو گەیشتوونەتە شارۆچکەی ڕۆسێلا یونیکا (کالابریا)"، ئەوە لەکاتێکدا " قسەکردن لەسەر ئاڵوگۆڕ دەکرێت نزیکەی شەست کەس بێسەروشوێنن”.



PM:05:13:19/06/2024