عەلی خامنەیی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە

رێبه‌ری باڵای ئێران ڕایدەگەیەنێت" پێویستە سه‌رۆكی نوێی ئێران سود له‌ ئه‌زمونه‌كانی ئیبراهیم ره‌ئیسی وه‌ربگرێت". 

عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە" گەلی گەورەی ئێران، بە ئیرادە و سەرکەوتنی خۆی، دوای کارەساتی لەدەستدانی گەورەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆمار و یاوەرانی توانیان لە ماوەیەکی کورتی یاساییدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕێکبخەن و لە دوو ڕۆژی هەینی یەک لە دوای یەکدا هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە ئەنجام بدەن و سەرۆکێک هەڵبژێرن بۆ وڵات لە نێوان چەند کاندیدێکدا". 

دەشڵێت" بەرپرسانی هەڵبژاردن بە خێرایی پێویست و متمانەی تەواوەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێکرد و خەڵکی ئازیز بە هەستێکی بەرپرسیارێتی هاتنە مەیدانەکە و دیمەنێکی پڕ لە جۆش و خرۆشیان خوڵقاند". 

خامنەیی لە پەیامەکەیدا وتیشی" ئەم بزووتنەوە مەزنە لە بەرانبەر ژاوەژاوی دەستکردی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکاندا کە دوژمنانی گەلی ئێران بۆ چاندنی نائومێدی و چەقبەستووی دەستیپێکردووە، کردەیەکی سەرسوڕهێنەر و لەبیرنەکراوە". 

ڕاشیگەیاند" ئێستا گەلی ئێران سەرۆکی خۆیان هەڵبژاردووە، پیرۆزبای لە گەل و سەرۆکی هەڵبژێردراو و هەموو چالاکوانانی ئەم دیمەنە هەستیارە دەکەم، بە تایبەتی گەنجانی بە جۆش و خرۆش لە بارەگای هەڵبژاردنی کاندیدەکان، پێشنیار دەکەم هەموو لایەک هاوکار و بیرکردنەوەی باش بن لە پێناو پێشکەوتنی میللەت و وڵاتدا، جێی خۆیەتی ڕەفتاری کێبڕکێکارانە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بگۆڕێت بۆ نۆرمەکانی دۆستایەتی و هەمووان هەموو هەوڵێکیان بۆ خۆشگوزەرانی ماددی و ئەخلاقی وڵات بخەنەگەڕ". 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" پێشنیار دەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراو چاوی لە ئاسۆی دوور و گەشاوە بێت، درێژە بە ڕێبازی ڕەئیسی بدات و زۆرترین سوود لە توانا زۆرەکانی وڵات وەربگرێت، بە تایبەتی گەنجان و شۆڕشگێڕان و سەرچاوە مرۆییە دڵسۆزەکان، لە پێناو خۆشگوزەرانی خەڵک و پێشکەوتنی وڵاتدا". 


PM:02:24:06/07/2024