"مووچەی هەموو مووچەخۆرانی بەبێ هیچ کێشەیەک و لێبڕینێک دەنێردرێت"

جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە  لەگەڵ وەزیری دارایی قسەیان کردووە و دڵنیای کردوونەتەوە، کە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی بەشێک لە فەرمانبەران  کێشەی هونەرییە، و مووچەی هەموو مووچەخۆران بە بێ هیچ کێشەیەک دەنێردرێت.

ئەحمەد مەزهەر، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیای بە پارتی ڕاگەیاند" مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ کێشەیەک و لێبڕینێک دەنێردرێت".

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد" لەبارەی دواکەوتنی مووچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی قسەمان کردووە و دڵنیای کردوونەتەوە، کە هۆکاری دواکەوتنەکە کێشەی هونەرییە و هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە".

ئەحمەد مەزهەر وتیشی" هەولێر و بەغدا، مووچەی فەرمانبەرانیان لە کێشە سیاسییەکان دوورخستووەتەوە و تەنها کێشەی هونەری هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانە، وەزارەتی دارایی عێراق داوای زانیاری زیاتر دەکات لەوانە؛ داتا و کۆد و ناوی دایکی کارمەندانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، بۆ ئەمەش هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و عێراق لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفت''.

لای خۆشیەوە شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرەلەمانی عێراق بە هەمان میدیای راگەیاندووە" سیستەمی بەغدا لەگەڵ  هەرێمی کوردستان تۆزێک جیاوازە، شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم هەماهەنگن کە چیدیکە کێشە لەسەر مووچەی هیزە ئەمنییەکانی هەرێم دروست نەبێت، بۆ لەمەودوا مانگانە بەبێ دوا کەوتن مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت".



AM:12:02:10/07/2024