پلەی گەرمای هەشت پارێزگە دەگاتە ٥٠

دەستەی کەشناسی عێراق ڕایگەیاند" ئەمڕۆ پلەی گەرمای هەشت پارێزگە دەگاتە ٥٠ی سیلیزی و چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلی گەرما تا کۆتایی هەفتە بەردەوام بێت.

عامر جابری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند" لە دوێنێوە شەپۆلێکی گەرما ڕووی لە عێراق کردووە و تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت، پلەی گەرمای پارێزگەکانیش لە نێوان ٤٥ – ٥١ی سیلیزیدا دەبێت".

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ چوارشەممە گەرمای هەشت پارێزگە دەگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی کە بریتین لە: واست، نەجەف، دیوانیە، بابل، میسان، ناسڕیە، سەماوە و بەسڕە و پلەی گەرمای بەغداش٤٩ ی سیلیزی دەبێت.

عامر جابری ڕاشیگەیاند" پێشبینی دەکرێت سبەینێ پێنجشەممە، گەرماکە کەمێک دابەزێت و پلەی گەرما بە گشتی لە نێوان 48-49ی سیلیزیدا دەبێت".


PM:03:31:10/07/2024