پاش ئاشکرابوونی پیلانی هێرشی تیرۆریستی کۆنسێرتەکانی تایلۆر سویفت هەڵوەشێنرانەوە

سێ کۆنسێرتی ئەستێرەی بەناوبانگی ئەمریکی تایلۆر سویفت کە بڕیار بوو لەم هەفتەیەدا لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا ئەنجام بدرێت، بەهۆی مەترسی كردەوەی تیرۆرستی هەڵوەشێنرانەوە.

باراکودا میوزیکژەن لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاندووە" دوای ئەوەی دەسەڵاتداران بوونی پلانێکیان بۆ هێرشی تیرۆریستی لە یاریگای ئێرنست هاپڵ پشتڕاستکردەوە، هیچ بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەستدا نییە جگە لە هەڵوەشاندنەوەی سێ کۆنسێرتەکە لە پێناو سەلامەتی هەمووان". 

هەروەها میدیاكانی ئەوروپا ئاماژە بەوەدەکەن، بڕیاربوو ئەمڕۆ تا شەممە کۆنسێرتەکانی تایلەر سۆیفت لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا بەردەوام بن، بەڵام لەبەرئەوەی تا ئێستە مەترسی زۆر هەیە كردەی تیرۆریستی لە ئاهەنگەكان ئەنجام بدرێن، بۆیە بەباش زانرا ئاهەنگەكانی ئەو هونەرمەندە دوابخرێت. 

هاوکات بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی کرۆنێن زایتونگی نەمسایی، دوو تۆمەتبار کە یەکێکیان گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵە و بەڕەچەڵەك مەقدۆنییە و لە ماڵی دایک و باوکی لە نزیک ڤیەننا دەژی، لەگەڵ پیاوێکی دیکە دەستگیر کراون.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە کاتی گەڕان و پشكین لە ماڵی گەنجەکەدا ماددەی کیمیایی و ئامێری تەکنیکی دۆزراوەتەوە و پێش چەند هەفتەیەك بەیعەتی بە سەرکردەیەكی ئێستای گروپی دەوڵەتی ئیسلامی دابوو، هاوكات لە هەژمارێکی ئینتەرنێتدا بڵاویکردبوەوە.

تایلۆر سویفت ساڵی ١٩٨٩ لە دایکبووە، گۆرانیبێژ و ئەكتەرێكی ناوداری ئەمریكایە، خاوەنی (١٠) ئەلبومی گۆرانییە و چەندین كۆنسێرتی لە زۆربەی وڵاتانی دنیا پێشكەشكردووە.


PM:02:14:08/08/2024