ئیمان خەلیف، خانمە بۆکسێنەری جەزائیری دوای چەندین ساڵ لە فرۆشتنی نان لە منداڵیدا و مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە و تێچووی وەرزشی پیشەگەرانە، مەدالیای زێڕی بۆکسێنی ئۆڵۆمپی پاریسی بردەوە.
خەلیف سەرەتا بەهۆی خۆشەویستی بۆ تۆپی پێ دەستی بە ژیانی وەرزشی کرد، دواتر لەسەر داوای ڕاوێژکارێکی ڕاهێنەر ڕووی لە بۆکسێن کرد.
خەلیف هیچ بژاردەیەکی نەبوو جگە لە فرۆشتنی نان و پلاستیک و ئاسن و کەرەستەی دووبارە بەکارهێنراو بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی خێزان و ڕاهێنانەکانی.
ئیمان لە گەڕەکێکی هەژاردا گەورە بووە و پێشتر باسی سەختییەکانی منداڵی خۆی کردبوو.
بە وتەی مامی ئەو وەرزشوانە تەمەن 25 ساڵە، ئیمان خەلیف لە منداڵیدا بەرگەی برسێتی و تینوێتی گرتووە.
ناڕەحەتی و ناخۆشیەکانی خەلیف دوای ئەوە دەستی پێکرد کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی دوورخستنەوەی یاری کۆتایی پاڵەوانێتی بۆکسێنی جیهانی لێ قەدەغەکرا، چونکە لەو کاتەدا نەیتوانی بەرگری لە خۆی بکات.
دوابەدوای سەرکەوتنی ئیمان خەلیف بەسەر ئەنجێلا کارینی نوێنەری ئیتاڵیا لە ئۆڵۆمپیادی 2024، دەنگۆی ڕەگەزی ئەو بۆکسێنەرە پیشەگەرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەرکەوت، و کەوتە بەر هێرشی بێ بنەما لەلایەن زۆرێک لە ئاژانسەکانی هەواڵ و بۆکسێنەرە ئیتاڵییەکە؛ هەرچەندە بۆکسێنەرە ئیتاڵییەکە دواتر داوای لێبوردنی لێکرد.
هەندێک بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئیمان خەلیف پیاوە و نەدەبوو بەشداری لە بەشی ئافرەتانی پاڵەوانێتییەکەدا بکات.
تا ئێستا هیچ بەڵگەنامەیەک لەسەر ئەم بانگەشەیە بڵاونەکراوەتەوە و لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتیش ئەم دەنگۆیانەی ڕەتکردووەتەوە.
خەلیف لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "سەن"ی بەریتانی ئاشکرای دەکات کە لە منداڵییەوە دەستی بەو وەرزشە کردووە و لە تەمەنێکی بچووکەوە یاریزانی تۆپی پێ بووە، چونکە باوکی ئەو وەرزشەی زۆر خۆشدەوێت.
ئیمان خەلیف دانی بەوەدانا کە ڕاهێنەرێک لە قوتابخانە ئامۆژگاری کردووە کە دەست بە بۆکسێنی پیشەگەرانە بکات بەهۆی بەهێزی جەستەییەوە.
خەلیف خاوەن میدالیای زێڕین دانی بەوەداناوە کە لە تەمەنێکی بچووکدا 15 کیلۆمەتر بە پێ ڕۆیشتووە بۆ وەرزشکردن و ناچار بووە نان و پلاستیک و ئاسنی ڕیسایکل بفرۆشێت.
خەلیف ئێستا تەحەددیاتی چەند ڕۆژی ڕابردووی تێپەڕاندووە و سەرەڕای ئەو مشتومڕانەی لە دەوری ڕەگەزەکەیدا دروستبووە، بەڵام بە شکستپێهێنانی بۆکسێنەرێکی چینی، میدالیای زێڕی لە ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024ی پاڵەوانێتی بۆکسێنی بەدەستهێناوە.