پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بەشداری بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لەد دەباشان کۆبووەوە، و دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەنراوێکدا یەکێتی دەڵێت" لە کۆبونەوەکەدا پیرۆزبایی دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی کورد بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بۆ کەرکووک کرا و جەخت لە پابەندبوون بە سیاسەت و رێبازی سەرۆک مام جەلال بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیایە لەنێوان سەرجەم پێکهاتە رەسەنەکانی ئەو شارە کرایەوە".
یەکێتی راشیگەیاند" مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگهێشتی سەرجەم پارت و لایەنە بەشدابووەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی کرد کە؛ لەئەمڕۆوە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن وبا پێکەوە بەشدار بین لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک بێ هیچ جۆرە جیاوازییەک لەنێوان پێکهاتەکان و یەکێتی ئامادەی بەرپا کردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەیە".
دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (١٢/٨/٢٠٢٤) مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان کۆبۆوە، لە کۆبونەوەکەدا پیرۆزبایی دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی کورد بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بۆ کەرکووک کرا و جەخت لە پابەندبوون بە سیاسەت و رێبازی سەرۆک مام جەلال بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیایە لەنێوان سەرجەم پێکهاتە رەسەنەکانی ئەو شارە کرایەوە.
لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم سەرکەوتنە بەتەنها هی یەکێتی و کورد نیە، بەڵکو دەستکەوتە بۆ هەموو کەرکوکییەکان بەسەرجەم پێکهاتەکانەوە، چونکە سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلالە کە بەردەوام داکۆکی لەمافی گشت پێکهاتە رەسەنەکانی کەرکوک بە کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحییەوە کردووە.
هەر لەو بارەیەوە، بەگرنگییەوە باس لە بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان لە حکومەتی خۆجێیی و ئیدارەدانی کەرکوک کرایەوە و جەختیش لەوە کرایەوە کە برا تورکمانەکان دڵنیا دەکەینەوە هاوشێوەی پێکهاتەکانی تر؛ شوێنی گونجاوو شایستەی خۆیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکوک و یەکێتی داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانیانە و رازیش نابێت هیچ کەس و لایەنێک مافەکانیان زەوت بکات.
لەلایەکی ترەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگهێشتی سەرجەم پارت و لایەنە بەشدابووەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی کرد کە؛ لەئەمڕۆوە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن وبا پێکەوە بەشدار بین لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک بێ هیچ جۆرە جیاوازییەک لەنێوان پێکهاتەکان و یەکێتی ئامادەی بەرپا کردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەیە.
لە کۆتاییدا مەکتەبی سیاسی هاوڕا بوو لەسەر ئەوەی کە؛ هەرچەندە پارێزگای ئێستای کەرکوک بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن یەکێتییە، بەڵام پێویستە دوور لەهەر ئینتمایەکی حزبی یان نەتەوەیی خزمەتی سەرجەم پێکهاتەکان بکات و کەرکوک تەنها نەبێتە نمونەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکان، بەڵکو بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانیش ببێتە نمونەیەکی جوان بۆ عیڕاق و ناوچەکە.