هونەرمەندی ناوداری میسری محەمەد فەوزی، بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە پارێزگای ئەسوان گیانی لەدەستدا.
میدیاکانی میسر، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ئابی ٢٠٢٤ بڵاویانکردەوە" هونەرمەندی ناوداری میسری بە ناوی محەمەد فەوزی، بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە پارێزگای ئەسوان گیانی لەدەستداوە".
ئاماژە بەوەشدەکەن، هەر بەهۆی ڕووداوەکەوەو دوو کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە و ١٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەوەشیان خستەڕوو، ڕووداوەکە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و مایکرۆباسێکدا ڕوویداوە، دواتر بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
هونەرمەند محەمەد فەوزی لە گوندی باڵەنا لە سەنتەری ناسری شاری نوبیا لە دایکبووە، یەکێک بووە لە گۆرانیبێژە دیارەکان کە لە میسر و جیهانی عەرەبیدا چەندین کۆنسێرتی ئەنجامداوە.
محەمەد فەوزی لە ماوەی ژیانی هونەریدا دەیان بەرهەمی جیاوازی پێشکەشکردووە.