ئەمجارە نۆرەی داگیرکردنی موڵکی قوتابخانەکانە بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون


داگیرکردنی موڵکی وەزارەتەکانی تر و کردنیان بە یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێم و بە تایبەتی سلێمانی بەردەوامە، لە ئێستادا ئیدارەی شارەکە لە لوتکەوە یەکێتی و دواتر شارەوانی و پاشان بە چاوپۆشی پارێزگاری سلێمانی کار ئاسانی دەکەن بۆ ئەوەی ژمارەیەک موڵکی وەزارەتی پەروەردە کە تایبەتن بە قوتابخانە، یان خۆیان لە ئەسڵدا قوتابخانەن داگیردەکرێن بۆ یەکەی نیشتەجێبوون، لە کاتێکدا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دژی ئەو هەنگاوانەیە.

بارودۆخی پەروەردە لە سلێمانی بەدەست نەبوونی قوتابخانەوە دەناڵێنێت، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی  کە ١٠ قەزایە  زیاتر لە ٨٠ قوتابخانەی نوێی پێویستە، کەمی قوتابخانەش بۆتە هۆی ئەوەی لە ژمارەیەک لە قوتابخانەکان دوو دەوامی و سێ دەوامی تێدا بکرێت، لە ١٣ قوتابخانەدا لەبەر بێ جێگایی لە رۆژێکدا سێ دەوامی تێدا دەکرێت.

 بەپێی ستاندرای جیهانی لە پۆلێکدا دەبێت تەنها ٢٤ خوێندکار بخوێنن، کەچی کەم قوتابخانە هەیە نەک ٢٤، بەڵکو ٣٠ خوێندکاریشی تێدا نەبێت، بەڵکو زۆرێک لە پۆلەکانی قوتابخانەکان لە نێوان ٤٥ بۆ ٥٠ خوێندکار زیاتری تێدایە.

لەم دۆخە خراپەدا کە پەروەردە بەهۆی نەبوون و کەمی قوتابخانەوە دەناڵێنێت، ژمارەیەک کۆمپانیا چاویان بڕیوەتە چەند موڵکێکی قوتابخانەکان کە بیکەن بە یەکەی نیشتەجێبوون.

هەموو ئەم پێشێلکاری و یاسا شکێنییە لە کاتێکدایە کە ئەنجومەنی وەزیران نووسراوێکی بە ژمارە ٥٨٤ ی لە رێکەوتی ٢١/١/٢٠٠٨ دەرچواندووەو داواکراوە کە نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەو زەویانەی تەرخانکراوە، یان بەکارهێنراوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بۆ قوتابخانە و پەیمانگاو یەکەکانی دی، بەکاربهێنرێن بۆ مەبەستی دی و تەسروفی پێوە بکرێن و بۆ پرۆژە و چالاکی.

لە ناو شاری سلێمانیدا ئێستا ئیدارەی یەکێتی و بە کارئاسانی شارەوانی سلێمانی و بە چاوپۆشی پارێزگار دەیانەوێت ئەم شوێنانەی وەزارەتی پەروەردە کە دانراون بۆ قوتابخانە، یان خۆیان قوتابخانەن داگیربکەن و بکرێن بە یەکەی نیشتەجێبوون.

قوتابخانەی ئامادەی سەرچنار لەگەڵ بینای چالاکی وەرزشی

ئەم قوتابخانەیە و بینایەی چالاکی وەرزشی دەکەونە ناوچەی سەرچنارەوە، ئێستا کۆمپانیایەک دەیەوێت پرۆژەی نیشتەجێبوونی ( شاری تاڤگەی) لەسەر دروستبکات کە خاوەنی پرۆژەکە سەروەت ئیبراهیم محەمەد بامۆکییە بنەماڵەی دیاری دەوڵەمەندی دەڤەری سلێمانین.
ئەم کۆمپانیایە کۆڵنادات و هەر جەخت لەوەرگرتنی دەکاتەوە، پەروەردەی گشتی سلێمانیش رەتیکردۆتەوە.

موڵکێک لە ناوچەی بۆگەنەی سلێمانی، نزیک کانی گۆمە..

ئەم زەویە ٣،٨ دۆنمە و موڵکی وەزارەتی پەروەردەیە، ئێستا دەیانەوێت داگیری بکەن و یەکەی نیشتەجێبوونی ( تاوەر سیتی) لەسەر دروستبکەن، لە کاتێکدا ئەو ناوچەیە کە گەڕەکێکی میللی هەژارنشینە لە زۆر شوێنی تر سلێمانی، پێویستی بە دروستکردنی قوتابخانەیە.
موڵکێکی پەروەردە لە گەڕەکی هاوکاری لێیان دەسەندنەوەو پرۆژەی تری لەسەر دەکەن
ئەم موڵکە دەکەوێتە بەرامبەر یەکەی نیشتەجێبوونی گادرن ستی و لە نزیک رێکخراوی کەم ئەندامانە و  لە گەڕەکی هاوکارییە، دراوەتە دوو کۆماپانیا یەکێکیان کۆمپانییەکە خاوەنەکەی عەرەبەو دەکرێتە پڕۆژەی بازرگانی کە هیچ پەیوەندیەکی بە پەروەردەو خوێندنەوە نییە.

زەویەک لە کوردسات لە پەروەردەوە وەرگیراوەتەوە بۆ پرۆژەی بازرگانی 

ئەم زەویە لە گەڕەکی کوردساتە، دەکەوێتە پشت( گاردن ستی ) ئەم زەوییە کەسکێکی خێرخوازی شاری سلێمانی ویستوویەتی قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی لەسەر دروستبکات و بیدات بە پەروەردە، بەڵام شارەوان دەڵێت داومانە بە لایەنێکی تر. 

قوتابخانەی سۆلاف و قوتابخانە فەرەنسیەکە چاویان لەسەریەتی داگیری بکەن بۆ پرۆژەی مەسڵەحەکە..

ئەم دوو قوتابخانەیە دەکەونە خوار مەسڵحەی کۆنی سلێمانییەوە، لە تەنیشت مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە پرۆژەی ( دڵی شار هەیە )، زەوی ئەم مەسڵەحەیە دەبوایە بکرایە بە باخچە، بەڵام لەم ناوجەرگەی شارداو بەو هەموو قەرەباڵغیەی شەقامی سالمەوە بە رەزامەندی شارەوانی سلێمانی و یەکێتی کرا بە پرۆژەی ( دڵی شار) کە یەکەیەکی نیشتەجێبوونی گەورەیەو بەهۆی ئەو قەرەباڵغیەی لە دوای تەواوبوونی پرۆژەکە دروستیدەکات هەناسە لەو شەقامە دەبڕێت، ئێستا ئەو پرۆژەیە دەیەوێت دەروازەیەک لە بەشی باشورەوە بکاتەوە، چاوی لەسەر داگیرکردنی ئامادەی سۆلاف و مەکتەبە فەرەنسییەکەیە، تا بە کارئاسانی بەرپرسانی سلێمانی داگیری بکات.

دەسەڵاتدارانی سلێمانی لە داگیرکردنی ئەم زەویانە سوودمەندێکی بەرچاون، لەلایەکەوە کۆمپانیاکانی حزب و کۆمپانیاکانی بەرپرسانی حزبی دەسەڵاتدار شەریکیانن، لەلایەکی تریشەوە هاندانێکە بۆ ئەوەی قوتابخانە حوکمییەکان کەمببنەوەو کوالێتیان دابەزێت و خێزانەکان منداڵەکانیان بخەنە بەردەم خوێندنی تایبەت کە لە بەشێک لەوانەشدا شەریکن.

ئەوەی جێگای سەرنجیشە تا ئێستا وەزارەتی پەروەردە داوای یاسایی لەسەر داگیرکردنی ئەم زەویانەی وەزارەتەکەی تۆمار نەکردووە.

بۆ بینینی راپۆرتە ڤیدیۆی ئەم پێشێلکاریانە ئەم لینکە بکەرەوە.. 

 
 



PM:11:04:18/08/2024