بەلەمێکی پەنابەران لە کەنارئاوەکانی ئیتاڵیا ژێرئاو کەوت و ٢١ی کۆچبەر بێسەروشوێنن

بەلەمێکی پەنابەران کە ٢٨ کۆچبەری تێدابووە لە کەنارئاوەکانی ئیتاڵیا تێکشاو و ژێر ئاو کەوت، ٧ کەس رزگار کراون و ٢١ کەسیش بێسەروشوێنن.

شەوی رابردوو پاسەوانی دەریایی ئیتاڵیا رایگەیاند" حەوت کۆچبەریان لەنزیک کەناراوەکانی دوورگەی لامپادووسیا لە باشووری ئیتاڵیا رزگار کردووە کە سەرجەمیان سووریایی بوون، تیمەکانیان سەرقاڵی گەڕانن بەدوای ٢١ کۆچبەری دیکەدا".
 
راشیگەیاندووە"  ئەو کۆچبەرانە لەناو بەلەمێکی بچووکدا بوون و نزیکەی ١٥ کیلۆمەترێکیان مابوو بگەنە کەناراوەکانی ئەو دوورگە ئیتاڵییە، کاتێک بەلەمەکەیان تێکشکاوە و ژێرئاو کەوتووە".
 
هەروەها هێزی دەریایی ئیتاڵیا، ڤیدیۆی رزگارکردنی حەوت کۆچبەرە سووریاییەکەی بڵاوکردووەتەوە و کاتێک کۆچبەرەکان بە سەلامەتی دەگەنە دوورگەی لامپادووسیا، بە ئیتاڵییەکان رادەگەیه‌نن، بەلەمەکەیان لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا چووە و ٢٨ کۆچبەری تیادا بووە کە سیانیان منداڵ بوون. کۆچبەرەکان وتوویانە بەلەمەکەیان بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوا و بەهێزیی شەپۆلی دەریاکە تێکشکاوە و، ژێرئاو کەوتووە و سەرجەم کۆچبەرەکانیش کەوتوونەتە ناو ئاوەکەوە".

بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان پار لەو رێگەیەدا، سێ هەزار و ١٠٥ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.



AM:10:37:05/09/2024