عەتوان عەتوانی: دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر مووچە نابێت

سەرۆكی لیژنەی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق لە تەنگانەی داراییدا نییە و دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر مووچە نابێت.

عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ ئەیلوول لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بابەتی دابەزینی نرخی نەوت زۆر گەورە کراوەتەوە.

دەربارەی نرخی دیاریکراوی نەوت لە بودجەشدا وتی" بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی بودجە نرخی بەرمیلێك نەوتی بە ٧٠ دۆلار دیاریكردووە و داهاتەكەی ١٢٠ ترلیۆن دینارە، مووچەی فەرمانبەران رێژەیەكی كەمی بودجە پێكدەهێنێت".

سەرۆكی لیژنەی دارایی ڕاشیگەیاندووە، تەنانەت ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت بگاتە ٦٠ دۆلاریش كاریگەری لەسەر مووچە نابێت و وتوشیەتی، "ئێمە نامانەوێت بگەینە قۆناغی مامەڵەكردن لەگەڵ نەوت، بەڵكو دەبێت داهاتە نانەوتییەكان زیاد بكەین”.

عەتوانی جەختیشی كردووەتەوە، هیچ تەنگانەیەكی دارایی بوونی نییە و ئامانجی سەرەكی ئەوەیە داهاتە نانەوتییەكان زیادبكرێت، كە ئەمە گەشەی بەردەوام بەدیدەهێنێت.



AM:12:11:18/09/2024