"بە گومان و نیگەرانییەوە لە سەرژمێرییەکەی عێراق دەڕوانین"

دەستەی ناوچە کوردستانییەکان سەبارەت بە سەرژمێری گشتی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بە نیگەرانی و گومانەوە لە ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە دەڕوانین". 

دەستەی ناوچە كوردستانییەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەنجامدانی سەرژمێری بابەتێکی گرنگە و ڕاستەوخۆ گرێ دراوی کۆی لایەنە جیاوازەکانی ژیانە و بەھۆیەوە دەوڵەت باشتر دەتوانێت سود لە تواناکانی ببینێت و ھۆکارێکی بنچینەیی پێشکەوتنەکانی لەسەر بەندە، لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانیکردن لە سەرژمێری کارێکی تەواو ڕاستە، بەڵام ئێمە لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بە نیگەرانی و گومانەوە لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەڕوانین". 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەکەدا هاتووە" لە لایەک ماددەی١٤٠ی دەستوور جێبەجێنەکراوە و لە لایەکی تریش مێژووی سەرژمێریەکانی ڕابردوو ئەزمونێکی تاڵ و کاریگەری خراپیان لەسەر نیشتیمانەکەمان دروستکردووە". 

"پێویستە بە ھە ستیاری وە لەسەر ئەم پرسە بوەستین، بۆیە ئامادەکاری تەواومان کردووە سبەینێ پێنج شەممە لە شاری ھەولێر دیدارێکی سیاسی لەگەڵ کۆی ھێزە کوردستانییەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ڕێک بخەین و بە وردی ھەڵسەنگاندن بۆ ئەم پڕۆسەیە ئەنجام بدەین تواناکانیش یەک بخەین بە ئاراستەی گەڕانەوەی تەواوی ئاوارە و خەڵکی ئەو ناوچانە کە ئێستا لە شارەکانی تری ھەرێمی کوردستان دەژین". (دەستەی ناوچە كوردستانییەكان وادەڵێت)

بڕیارە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێری گشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.


PM:02:02:18/09/2024