سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیانکردوە لەوەی پێویستە دوبارە نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە کۆبونەوەکەی محمەد شیاع سودانی و ئەنتۆنی بلینکن باس لە گرنگی دوبارە بەکارخستنەوەی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا کراوە کە نەوتی هەرێمی کوردستانی پێدەگوازرێتەوە.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، هەردولا گفتوگۆیان لەبارەی گۆڕینی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش لە عێراق کردوە و پابەندیی خۆیان بۆ هەماهەنگی زیاتر لە بواری گەشەسەندنی ئابوری دوپات کردوەتەوە.
لە ٢٥ی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣ بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا کە ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە هەرێم هەناردە دەکرا.