سودانی و ئەردۆغان لە نیویۆرک تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، پرسە هەرێمایەتی و جیهانییەکانیان کردووە.
بە گوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیران شەوی ڕابردوو لە پەراوێزی ٧٩یەمین كۆبوونەوەی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە و هەردوولا چەند پرسێكیان تاوتوێ كرد.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە " هەردوولا جەختیان لە گرنگی كاری هاوبەش و هەماهەنگی سەبارەت بە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی عێراق كردەوە، هەروەها تاوتوێی بەدواداچوونەكانیان بۆ دەرئەنجامی ڕێككەوتنە هاوبەشەكان و یاداشتە لێكتێگەیشتنەكان كرد".
نوسینگەی سەرۆک وەزیران رایگەیاندووە" سوودانی و ئەردۆغان باسیان لە گەشەسەندنی گرژییەكانی ناوچەكە كرد، بەتایبەتی ئەو مەترسییانەی بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە لە ناوچەكە ڕوودەدەن، چونكە ئەمە هەڕەشە لە سەرهەڵدانی شەڕێكی هەمەلایەنە لە ناوچەكە دەكات".
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی چەند مانگە تورکیا دەستدرێژییەکانی بۆ خاکی هەرێم زیاتر کردووە و رۆژانە گوندەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات و تا ئێستا چەندین بازگەی لە خاکی هەرێم داناوە و بەهۆی بۆردوومانەکانی خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، لە لایەکی ترەوە پشكی ئاوی عێراقی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێكی گەورەی كەم ئاوی بووەتەوە.