بەرپرسێکی ئەمنی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق داوا لە گرووپەكانی بەرەی مەقاومە كردووە، هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر و فراوانتر بكەن و دەڵێت" ئەو شەڕەی ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمریكا دەستی پێ كردووە، ئاراستەیەكی قێزەونی بۆ لەناوبردنی گەلان وەرگرتووە".
ئەبو عەلی عەسكەری بەرپرسی ئەمنی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە" ئەو شەڕەی ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمریكا دەستی پێ كردووە، ئاراستەیەكی قێزەونی بۆ لەناوبردنی گەلان وەرگرتووە و تاوان بەرامبەر بە ژنان و منداڵان و ژێرخانی ناوچە مەدەنییەكانی لە فەڵەستین و لوبنان وێران كردووە".
دەشڵێت" لە ئاسمانی عێراق هەست بە جموجووڵێكی چڕی هێزی ئاسمانی ئەمریكا و ئیسرائیل دەكەن، ئەمەش بەو واتەیە دێت، ئەگەر هەیە ئیسرائیل جارێكی دیكە هێرش بكاتەوە سەر كەتیبەكانی حزبوڵا، بەڵام وەڵامدانەوەی هەر هێرشێك تەنیا لە دژی ئیسرائیل كورت نابێتەوە، بەڵكو هەموو بنكە و بارەگاكانی ئەمریكاش دەگرێتەوە".
ئەو بەرپرسەی ئەمنی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق داوای لە گرووپەكانی بەرەی مەقاومە كردووە، هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر و فراوانتر بكەن، بۆ ئەوەی هەرچی زووە لەم شەڕە ئاڵۆزەدا توانا و مۆراڵی سەربازی و ئەمنی ئیسرائیل تێكشكێنن، چونكە تا ئێستا هێرشەكانی سەر ئیسرائیل لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەكانی بەرەی مقاوەمە نەبووە.