وەزارەتی نەوتی عێراق کۆی گشتی هەناردەکردنی داهاتی نەوتی مانگی ڕابردووی بڵاوکردەوە کە بڕەکەی زیاتر لە ١٠٥ ملیۆن بەرمیل بووە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند" بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان کە لە لایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) دەرچووە، کۆی گشتی بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ مانگی ڕابردوو (ئاب) گەیشتە ١٠٥ ملیۆن و ٨٤٥ هەزار و ٥٩٩ بەرمیل".
لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی (ئاب) لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ١٠٥ ملیۆن و ٥٥٩ هەزار و ٥٢٥ بەرمیل بووە.
هاوکات وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، بڕی هەناردەکراو بۆ ئوردن ٢٩٨ هەزار و ٧٤ بەرمیل بووە، هەروەها هەناردەی نەوتی گەیارە یەک ملیۆن ٩٢٨ هەزار و ١٥٦ بەرمیل بووە.