ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٤ سوپای ئیسرائیل کوژرانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی حزبوڵای لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان ڕاگەیاند.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" ئێوارەی دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر نەبیل قاوق بەرپرسی یەکەی ئاسایشی خۆپارێزی و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی حزبوڵڵا و لە ناویانبردووە".
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە" قاوق لە دیارترین سەرکردەکانی ڕێکخراوی حزبوڵای لوبنان دادەنرا و ڕاستەوخۆ دەستی هەبووە لە پێشخستنی پلانەکانی دژ بە ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا".
هەروەها هاتووە" نەبیل قاوق لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندی بە حزبوڵڵای لوبنانەوە کردووە، هەروەها کەسێکی سەرەکی شارەزا بووە لە بواری کارەکەیدا".
تا ئێستا حیزبوڵڵای لوبنانی هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە حزبوڵای لوبنان بە فەرمی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانی ڕاگەیاند کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بارەگای حزبوڵای لوبنان لە باشووری بەیروت کرایە ئامانج.