بڕیارێک لە بەرژەوەندی دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان دەرچوو

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" پڕۆژە پێشنیازی جێبەجێکردنی پێدانی ناونیشانی کارکردن و مۆڵەت بۆ دەرچووانی کۆلێژەکانی دەرمانسازی زانکۆکانی هەرێم پەسەندکراوە". 

وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوابەدوای دەرچوونی ژمارەیەکی زۆری کۆلێژەکانی پزیشکی ددان و کۆلێژەکانی دەرمانسازی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دوای هەوڵ و کۆششی وەزارەتمان و گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ ڕێکخستنەوەی بنەما یاساییەکانی بواری پلەبەندی پزیشکی بەمەبەستی بەدەستهێنانی ناونیشانی شارەزایی لە بواری کارکردن و بەدەستهێنانی مۆڵەتی کارکردن لە کەرتی تایبەت پیادەکردنی پیشەکەیان بۆ نورینگەکان و دەرمانخانەکان و سەنتەر و کلینیکەکان". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، مەسرور بارزانی بریاریداوە بە پەسندکردنی پڕۆژەپێشنیاری وەزارەتی تەندروستی بەهەماهەنگی لەگەڵ سەندیکاکان بۆ خستنە بواری جێبەجێکردنی پێدانی ناونیشانی کارکردن و مۆڵەت بۆ رەخساندنی هەڵی کارکردن لە کەرتی تایبەت بۆ دەرچوانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان و کۆلێژەکانی دەرمانسازی و پیادەکردنی پیشەکەیان بۆ ئەوانەی ڕاهێنان و خۆبەخشیان کردووە و ڕاهێنراو بوونە.

تەندروستی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەم مەبەستە رێکاری پێویست و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی دەگیرێتەبەر بە هەماهەنگی لەگەل سەندیکا پەیوەندارەکانی سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان و سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان.


AM:12:01:01/10/2024