هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت شەوی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند" پێویستە كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەكلابكرێتەوە".
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" شەوی ڕابردوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران میوانداری کۆبونەوەی ئاسایی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی کرد، بە ئامادەبونی لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمار و سەرکردەکانی لایەنە سیاسییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتە مەترسیدارەکانی ناوچەکە و كاریگەریان لەسەر وڵات کرا".
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا یەکگرتووی هەڵوێستی عێراق و ڕیزەکانی هێزە سیاسییەکان دووپاتکرایەوە، هاوکات کاردانەوەی بەردەوامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان تاوتوێکراوە.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا سەركۆنەی ئەو تاوانە کرا کە بووە هۆی کوژرانی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی لوبنان".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ڕاگەیاندنی هاوبەشی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش کرا، هەروەها تەواوکردنی ڕێککەوتنەکە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی ئەم هاوپەیمانییە لەسەر خاکی عێراق تا مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ کە بە هەنگاوێکی گرنگی زانی بۆ تەواوکردنی پایەکانی سەروەری عێراق، بە تایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی شکستی پاشماوەکانی داعش، و یەکخستنی تواناکانی هێزە چەکدارەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، و بەرپرسیارێتییەکەی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق".
بەپێی راگەیەندراوكە، هاوپەیمانیەتیەكە جەختی لە گرنگی" یەکلاکردنەوەی کاندیدکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووەتەوە لە زووترین کاتدا و داوایی بەردەوامبون و چڕكردنەوەی هەوڵەكانی كرد لەسەر ئەو بابەتە".