سودانی: دەبێت لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە هێرشەکەی شەوی رابردوو بکرێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد ڕایدەگەیەنێت" پێویستە لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکرێت". 

یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" محەمەد شیاع سودانی ڕێنماییەکی ئاراستەی عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق کردووە کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە ئەنجام بدات، بە مەبەستی زانینی هۆکاری پێشێلکارییە ئەمنییەکان کە شەوی ڕابردوو ژمارەیەک موشەکی کاتیوشا لە ناوچەی عامریاوە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد کراوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سودانی ڕێنمایی کردووە کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕابگەیەندرێت و ئەوانەی کەمتەرخەم بوون لە ماوەی (٤٨) کاتژمێردا دەستنیشانبکرێن.

هەروەها لای خۆشیەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی ئەو هێرشە مووشەکییە کە بنکەی سەربازی ڤیکتۆریای لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کردە ئامانج، دەستگیرکردنی بەرپرسێکی ئەمنی ڕاگەیاند.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" لەکاتێکدا کە وەزارەتی ناوخۆ هەوڵدەدات ئاسایش و سەقامگیری لە هەموو ناوچەکانی وڵات بەرزبکاتەوە، توخمە دەرەکییەکان هەوڵی تێکدانی ئاسایش دەدەن، دوایینیان ئەو پێشێلکارییە بوو کە لە کاتژمێرەکانی یەکەم ڕۆژی مانگی تشرینی یەکەم ئەنجامدرا". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دوو موشەکی کاتیۆشا کەوتوونەتە خوارەوە، یەکەمیان لە گەراجی فەوجەکەی دووەمی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئەوی دیکەیان لە حەوشەیەکی چۆڵکراوی ناو فڕۆکەخانەکە بووە. 

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا دەستیکردووە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە دژی ئەو هێزەی کە ناوچەکەی بەدەستەوەیە لە ناوچەی عامریە لە بەغداد کە بەرپرسیارە لە پێشێلکارییەکە و فەرماندەی هێزەکەش دەستگیرکراوە بۆ ئەوەی بزانرێت هۆکار و کەمتەرخەمییەکان لە پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت چین. 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختی لەوەشکردەوە کە" بە توندی لێپرسینەوە لەگەڵ هەر کەسێک دەکات کە بوێری هەوڵدان بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە هەبێت".


AM:11:35:01/10/2024