یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" حکومەت داهاتی نەوتی نەماوە و نیوەی داهاتیش ڕادەستی بەغداد دەکات، هەر بۆیە پارەی لەبەردەستدا نییە تا کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوە".
ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری و کارگێڕی (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" بڕیاربوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ کورتهێنانی مووچەی مانگی ئاب کە بڕەکەی (٢٤٣) ملیار دینارە، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات".
وتیشی" بەداخەوە وەزارەتی دارایی عێراق هەموو ڕۆژێک پاساو و بیانوو دەهێنێتەوە، هیواداری کە وەزارەت ئەمڕۆ ئەو بڕە پارەیە بنێرێت، چونکە هەرێم داهاتی نەوتی نەماوە و نیوەی داهاتی ناوخۆش بۆ بەغدا دەنێرێت، پارەی لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوە".
یاریدەدەرەکەی مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەندێک تێبینی هەیە لەسەر لیستی فەرمانبەران، بە تایبەت سیستمی بایۆمەتری، هەروەها لەسەر هەندێک پلە بەرزکردنەوەیش لە هەندێک لە فەرمانگە حکومییەکانی هەرێم.
ڕێباز حەملان هێمای بۆئەوەشکرد، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر حسابی بانکی ناوەندی عێراق لە لقی هەولێر، حکومەتی هەرێم دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی ڕابردوو دەکات.
سەبارەت بە مووچەی مانگی ئەیلولی ڕابردووش، حەملان دەڵێت" وەزارەتی دارایی فیدراڵی داوای لە حکومەتی هەرێم کردووە لیستی مووچەی مانگی شوبات بکەنە بنەمای دابەشکردنی مووچە، لە کاتێکدا هەموو مانگێک عەلاوەی و تەرفیعاتی وەزارەت هەیە، بەتایبەت وەزارەتە ئەمنییەکان، لەبەر ئەوە جیاواز دەبێت".
ڕوونیشیکردەوە، لیستی مووچەی هیچ مانگێک وەک مانگێکی دیکە نابێت، ناتوانی بڵێیت لیستی مانگی نۆ هاوشێوەی لیستی مانگی هەشتە یان حەوتە، هەر مانگە لیستی مووچە بە جۆرێک دەبێت.