نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی ئەیلول ڕاگەیەندرا

نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان بۆ مانگی ڕابردوو دیاریكرا و كاره‌بای سلێمانیش دەڵێت" نرخی هەر ئه‌مپێرێک له‌ نێوان ١١ هه‌زار بۆ ١٢ هه‌زار دیناره‌". 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی كاره‌بای سلێمانی، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان کۆبوونەوە و به‌پێی نرخی سوته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاتژمێرێك بۆ یه‌ك ئه‌مپێر (٤٢) دینارە،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای مۆلیده‌ی ئه‌هلی له‌ ناو شاری سلێمانی له‌ نێوان (١١ هه‌زار بۆ ١٢ هه‌زار) دینارە، بەو پێیەى مۆلیدەکان لە نێوان (٢٧٠ بۆ ٢٩٥) کاتژمێر کاریانکردووە. 

باسی له‌وه‌شكردووه، به‌هۆی جیاوازی كارکردنیان نرخی ئه‌مپێرێك له‌ گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت.

سەبارەت بە خشته‌ی كاركردنی مۆلیده‌كان بۆ مانگی تشرینی یەکەم، كاره‌بای سلێمانی ده‌ڵێت" خشته‌ی كارپێكردنی مۆلیده‌ بۆ ئەم مانگە (٢٤) كاتژمێری دەبێت، واتە هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی كوژایەوە پێویسته‌ مۆلیده‌كان كارەبا بدەن به‌ هاوڵاتییان".


PM:01:16:01/10/2024