پسپۆڕێک: ڕۆژانە ژەهر دەخۆینەوە بێ ئەوەی پێی بزانین

ئاوات عەلی خوێندکاری دکتۆرا لە کیمیای شیکاری لە زانکۆی ستۆکهۆڵم لە وتارێکدا لە ژێر ناونیشانی
مەترسییەکی گەورە، ڕۆژانە ژەهر دەخۆنەوە بێ ئەوەی پێی بزانن نوسێوێتی:  لەزۆرێک لەڕیستۆرانت و جیم و مەلەوانگەکان لەهەرێمی کوردستان، تەرمۆزی شوشەی ئاوەکانیان دوو بۆ سێ کیلۆ لیمۆی بە توێکڵەوە تێکراوە بۆ ئەوەی تامی ئاوەکە خۆش بکات، هەروەها دەشڵێن بۆ تەندروستی باشە بۆیە زۆر کەس تەنها لەو ئاوە دەخۆنەوە، بێ ئاگا لەوەی کە ئەو ئاوەی ئەو لیمۆیانەی تیادایە ژەهرێکی تەواوەو هۆکارێکی سەرەکی شێرپەنجەیە.

ماوەی چوار ساڵە لە زانکۆی ستۆکهۆڵم کۆرسی (Mass Spectrometry) بە خوێندکارانی ماستەر دەڵێمە و ساڵانە یەکێک لە پرۆجێکتەکانمان شیکاریی بڕی مێرووکوژەکانە  (Pesticides) لە نێو مزرەمەنییەکانی وەک (پرتەقاڵ و لیمۆ و لالەنگی) کە بەردەوام ڕێژەیەکی زۆر لەنێو توێکڵەکانیاندا دەدۆزرێتەوە.

بەکارهێنانی مێرووکوژەکان ڕێگەپێدراوە لە کشتوکاڵدا بەپێی ئەو ڕێژانەی لەلایەن کوالێتی کۆنتڕۆڵی هەر وڵاتێکەوە دیاریدەکرێت، بەڵام مزرەمەنییەکان زۆرینەیان لە توێکڵەکانیاندا کۆدەبێتەوە .

ئەو مادەیەی  بە زۆری لە کشتوکاڵی مزرەمانییەکاندا بەکاردەهێنرێت ناوی ئیمازەلیلە (Imazalil) کە وەک مادەیەکی شێرپەنجەیی بۆ مرۆڤ پۆلێنکراوە. ئەم مادەیە زۆر بە ئاسانی لە ئاودا دەتوێتەوە، بۆیە کاتێک ئەو بڕە زۆر لە لیمۆ دەکرێتە ئەو تەرمۆزانەوەو بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەمێنێتەوە، زۆرینەی ئەو مادە شێرپەنجەییە دەچێتە ناو ئاوەکە، تۆش بێ ئاگا لەوەی لەبری ئاوێکی سازگاری بە تامی لیمۆ، ئاوێکی ژەهراوی پڕ لە مادەی شێرپەنجەیی دەخۆیتەوە.

چەند ساڵێک لەمەوبەر بارێکی لیمۆ لە ئیسپانیا رەتکرایەوە بەهۆی بەرزی ڕێژەی ئەم مێرووکوژانە تیایدا، بەڵام هەمان ئەو بارە گەڕێندرایەوەو لە بازاڕەکانی هەرێم و عێراق ساغکرایەوە و کەسیش نەبوو لێی بپرسێتەوە و بابەتەکەش لە میدیا نێوخۆیی و جیهانییەکان بڵاوکرایەوە.

ئەی چارەسەر؟  لیمۆ بێ توێکڵ بخەنە ئاوەوە 
ئەمە دڵۆپێکە لە دەریایەک، ئیتر مەپرسن بۆ ساڵانە هەزاران کەس توشی شێرپەنجە دەبن لەهەرێمی کوردستان؟



PM:05:31:01/10/2024