وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی كردەوە لەپێویستی دوربونی وڵاتەكەی لەو جەنگانەی لەناوچەكە ڕودەدەن، ئاماژەی بەوەدا جەنگ دەبێتە هۆی دروستبونی پشێوی كە ڕێكخراوە تیرۆریستیەكانی وەك داعش دەیقۆزنەوە.
فوئاد حسێن، لەكۆبونەوەیەكی تایبەت بەوڵاتانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لەواشنتۆن، هۆشداریدا لەوەی جەنگ یارمەتیدەر دەبێت لە خوڵقاندنی حاڵەتێكی پشێوی كە ڕێكخراوە تیرۆریستیەكان سودی لێ دەبینن و دەبێتە هۆی زیادبونی ژمارەی ئاوارە و پەنابەركان و زیادبونی قەیرانی مرۆییەكان.
وتیشی: حكومەتی عێراق هەست بە نیگەرانی توند دەكات لەبارەی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت غەززە و لوبنان.
وەزیری دەرەوەی عێراق، باسی لەگرنگی هەماهەنگی لەنێوان وڵاتانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی كرد بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش بەهەمو شێوازەكان لەوانە تۆڕی ئینتەرنێت ، لەپێناو زامنكردنی هێنانەدی سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر تیرۆر.