مووشەک بارانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، ئەمەریکا بەرگری لە ئیسرائیل دەکات

مووشەک بارانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کەمێک لەمەوبەری ئەمشەو سێ شەممە ١ی تشرینی یەکەم دەستیپێکردو بە سەدان مووشەک ئاراستەی قودس و شارەکانی تر ئیسرائیل کرا.

پاش کەمێک وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند کە هاوبەشی ئیسرائیل دەکات لە پووچەڵکردنەوەی مووشەکەکانی ئێران.

هەندێک لەو مووشەکانە لە رێگای بەرگری ئاسمانیی ئیسرائیلەوە پووچەڵکرانەوە، هەندێکیشیان بەرەو ئامانجەکانیان رۆشتن دەنگی تەقینەوەیان لە قودس بیستران.

ئاژانسی رۆیتەرز لە بەر پرسێکی ئێرانییەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە فەرمانی دەستپێکردنی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لەلایەن عەلی خامەنەئی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بووە.

هەر لەو بارەیەوە سوپای پاسدران ڕاگەیەنراوێکی بلاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت"لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵا و فەرماندە عەباس نیلفرۆشان بە موووشەک هێرشمان کردووەتە سەر ئیسرائیل".

دەشڵێت"ئیسرائیل ولامبداتەوە هێرشی قورستر دەکەینە سەری".

میدیا جیهانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە تا ئێستا نزیکەی ٤٠٠ مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراون.

بە گوێرەی زانیارییەکان مووشەکەکان وەبەر چەند شوێنێک کەوتوون بەڵام زیانی گیانی نەبووە و تەنها سێ کەس بە سووکی برینداربوون
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەوبارەیەوە رایگەیاند، هێرشەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و بەرانبەر بە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران کاردانەوەی توندمان دەبێت.



PM:08:01:01/10/2024