سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران هەڕەشەی لێدانی هەموو ژێرخانی ئیسرائیل دەکات و دەڵێت" ئەگەر وەڵامیان بۆ هێرشەکەی شەوی ڕابردوو هەبێت، بە هێزێکی زیاترەوە دووبارەی دەکەنەوە".
محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی فەرمی وڵاتەکەى راگەیاندووە" ئەو هێرشە مووشەکییەی کە ئێوارەی دوێنێ ئیسرائیل تووشی بووە، بە هێزێکی زیاترەوە دووبارە دەبێتەوە و هەموو ژێرخانی قەوارەی (ئیسرائیل) دەکرێنە ئامانج".
هەروەها لای خۆشیەوە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاندووە" ئۆپەراسیۆنەکەمان کۆتایی پێهاتووە، مەگەر ڕژێمی ئیسرائیل بڕیار بدات داوای وەڵامدانەوەی زیاتر بکات لەم سیناریۆیەدا، وەڵامدانەوەمان توندتر و بەهێزتر دەبێت".
هاوکات هەریەک لە ئیسرائیل و ئەمریکا جەختدەکەنەوە کە وەڵامی هێرشەکەی تاران بدەنەوە، لەکاتێکدا ترسەکان لە هەڵگیرسانی شەڕێکی فراوانتر پەرەی سەندووە.