هانسی فلیکی ڕاهێنەری بەرشەلۆنە دووپاتیکردەوە کە "پێویست بوو ئەو سێ خاڵە بەدەستبهێنرێت” لە یارییەکەی نێوان یۆنگ بۆیز لە سویسرا لە چامپیۆنزلیگ، کە بە سەرکەوتنێکی گەورە (5-0) بۆ بلاوگرانا کۆتایی هات، دوای ئەوەی لە قۆناغی یەکەمدا لەسەر دەستی مۆناکۆ دۆڕان.
فلیک وتی: گرنگ بوو سێ خاڵەکە بەدەستبهێنین، بە ئەنجامی 5-0 پێموایە شایەنی سەرکەوتن بووین سەرەتا بە متمانەیەکی کەمترەوە یاریمان کرد.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەڵام دوای گۆڵی یەکەم متمانەمان بەخۆمان وەرگرتەوە و کارەکان ئاسان بوون، ئێمە بە تەواوی ڕازین و دەبێت بەم شێوەیە بەردەوام بین.
ڕاهێنەرە ئەڵمانییەکە لە گێمی دووەمدا کاتێک یامال گۆڕدرا، وازهێنانی تووڕەیی یامالی کەمکردەوە و ڕوونیکردەوە، یاریی زۆر لە پێشمانە و پێشتر خولەکی یاریکردنی زۆری وەرگرتووە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دوای زۆر یاریکردنی ئەو یاریزانە دەتوانیت گۆڕانکاری بکەیت. هەمان کارم لەگەڵ ڕۆبێرت (لیڤاندۆڤسکی) کرد. دەزانم ئەو دەیویست بەردەوام بێت لە یاریکردن.
هەروەها فلیک پێی وابوو کە فرێنکی دی یۆنگ یاریزانی هێڵی ناوەڕاست "هەنگاوی یەکەمی گەورەی ناوە" لە چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی کە بۆ ماوەی 5 مانگ لە یاریگاکان دووری خستەوە.
هەمان شت بۆ ئەنسو فاتی هێرشبەریش دەگوزەرێت کە لە پێکانەکەی چاکبووەوە و هەندێک خولەکی یاریکردنی لە یارییەکەی بەرامبەر یۆنگ بۆیز بەدەستهێناوە.
بە هەمان شێوە ڕاهێنەری بارسا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "تیپەکە دەتوانێت دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنێت ئەگەر بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە" لەم وەرزەدا.
هەرچەندە خۆی لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بەدوور گرت کە ئایا یانەی کەتەلۆنی وەک کاندیدێک بۆ بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ دەبینی یان نا، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە "وەرزەکە هێشتا زۆر درێژە و ڕەنگە شتەکان زۆر بە خێرایی بگۆڕدرێن”، نموونەی پێکانە درێژخایەنەکەی تێرشتیگنی گۆڵپارێز هێنایەوە.
هەروەها ڕاهێنەرەکە ڕوونی کردەوە کە ئامانجی ئەو "لە هەموو یارییەکدا باشتر بێت”، ئاشکراشی کرد کە سەرکەوتنەکان یارمەتیدەرن بۆ یاریکردن بە هێڵی بەرگری دوور لە گۆڵ چونکە "هەموو کەسێک هەستێکی خۆشی هەیە”.