"هەفتەی داهاتوو بە دڵنیاییەوە مووچەی مانگی ئەیلوول دابەشدەکرێت"

پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەڵێت" هەفتەی داهاتوو بە دڵنیاییەوە مووچەی مانگی ئەیلوول دەگاتە دەستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

ئەمڕۆ چوارشەممە، دیلان غەفور، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" تەیف سامی، وەزیری دارایی پێی ڕاگەیاندوون کە مووچەی مانگی ئابیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە".

سەبارەت بە مووچەی مانگی ئەیلوولیش، دیلان غەفور ڕایگەیاند" بە هۆی ئەوەی ئەم سێ ڕۆژە پشووە، وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول ڕاگیراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە، هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی ئەیلوول دەگاتە دەستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

لای خۆشییەوە هەر ئەمڕۆ سەبارەت بە مووچەی مانگی ئەیلول، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی حکومەت، وتی" تەمویلی مووچەی ئەیلول لە ڕێگە دەبێت و بەمزوانە هەردوو مووچەكە لە كاتێكی نزیكدا دابەشدەکەین". 

تائێستا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگی (٨ و ٩)ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، وەزارەتی دارایی هەرێم داوای (٢٤٣) ملیار دیناری دیکە دەکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی (ئاب).




PM:02:41:02/10/2024