میلیشیا شیعەكان لەجەلەولا تەقە لە كورد‌و سوننە دەكەن‌و مزگەوتی سوننەكان دەتەقێنەوە

بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین دەڵێت، فریای جەلەولا کەون پڕبووە لە میلیشیایی شیعە و دەستیان کردووە بە کۆمەڵکوژی کورد و سوننە لە شارەکە.

شێخ جەعفەر مستەفا بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین لە لێدوانێکدا بە "باسنیوز”ی ڕاگەیاند شیعەکان تەواوی عەشیرەتی "تەمیمی”یان هێناوە، بۆ ناوچەکانی دیالە و ژووری فریاکەوتن و پۆلیسی ئەو ناوچانەیان خستۆتەژێر رکێفی خۆیان، کە سەرجەمیان سەر بە خۆیانن و ئەمرۆش نەیان هێشتووە، دەزگا ڕاگەیاندنەکانمان بچنە ناو جەلەولا ئێستا بەئاڵای عێراق و بەدرەوە، بەناو شەقامەکانی جەلەولا هاتووچۆ دەکەن، ترس لەوەش هەیە تەقە لە پەیامنێرو ڕۆژنامە نووسەکان بکەن، گوتی”ئێمە پەیوەندیمان بەمەحمود سەنگاوی بەرپرسی میحوەرەکە کردووە، تائێستا وەڵاممان دەست نەکەوتووە”.

بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی گوتیشی” ئێستا میلیشیا شیعەکان لەناو جەلەولان و تەقە لە خەڵکی دەکەن، دەستیان کردووە، بە تاڵانی کردن و سوتاندنی ماڵی خەڵک و سەعدییەیان وێران کردووە، دەستیان کردووە بە تەقاندنەوەی مزگەوتەکان، مزگەوتی "مەحمود پاشای جافیان” تەقاندەوە، گرفتێکی گەورەتر هەیە، سووپایعێراقیش دەست پارێزی ناکەن لەکوشتنی سوننە عەرەبەکان”.

ئاماژەی بەوەشدا ئەمرۆ هەریەکە لە مەلابەخیتار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرپەرشتیاری میحوەری گەرمەسێر، چوونەتە ناو کۆبوونەوەیەک، ئێمەیان ئاگادار نەکردووەتەوە و ئاگادارنیین و ئێستا هێزێکی زۆری عێراق بەئاڵای عێراق و میلیشیا شیعەکانەوە هاتووچۆ دەکەن.

شێخ جەعفەر دەشڵێت "لە خانەقین میلیشیا شیعەکان ژمارەیان زۆر بووە و لەنێوان کەلار و خانەقینش هاتوچۆیانە و پڕبوون لە سوپای پاسداران و شیعەکان، ئەوەی بوونیشی نییە، یەکەی سەربازی کوردییە”.

ئەوەی خستەڕوو مەترسی لەسەر کەلاریش هەیە، "ئێستا هێزێک بە چەکی قورسەوە لەبەردەم ماڵی مەلا بەختیارن لە خانەقین، چونکە لە کۆبوونەوەکە ئێران و عێراقیشی تێدایە، بەڵام دڵنیام تووشی شەڕێکی وەک داعشمان دەکەنەوە.



PM:04:30:29/11/2014