"مالیکی بلیۆنەها دۆلاری بەرەو وڵاتانی دەرەوە ئاودیوکردوە"

‌نوری مالیکی
راپۆرتێك ئاشكرایدەكات كە وەزیرانی حکومەتی پێشووی عێراق کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکرد، بلیۆنەها دۆلاریان بەرەو وڵاتانی دەرەوە ئاودیوکردوە، دەشڵێت تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بڕی یەک بلیۆن دۆلاری بلۆککراوی گەڕاندووەتەوە.

رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی لە نوێترین راپۆڕتیدا كە ئەمرۆ بڵاوكراوەتەوە ئاشکرایکرد "حکومەتی عێراق توانیویەتی بڕی یەک بلیۆن دۆلاری بلۆککراوی عێراقی لە ژمارەیەک وڵات بگەڕێنێتەوە, لەهەوڵەکانیشی بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی ماون".

لێژنەی تایبەت بە گەڕاندنەوەی پارە بلۆککراوەکانی عێراق رایگەیاند: "لە ماوەی داهاتوودا دۆسیەی پارەی بلۆککراو و ئاودیوکراوی عێراق و میکانیزمی گێڕاندنەوەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کارادەکرێت، هاوكات لیژنەی ئەستۆپاکی کۆمەڵێک بەڵگەی لەبەردەستدایە كە دەیسەلمێنێت ژمارەیەك کەسایەتی سیاسی حکومەتی پێشووی عێراق بلیۆنەها دۆلاریان بەرەو وڵاتانی دەرەوە ئاودیوکردوە، بۆ یەکلاییکردنەوەشیان ئەو بەڵگانە پێشکەش بە دادگای تایبەت بەم دۆسیەیە دەکات".

لە كاتی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی تایبەت بە گەڕاندنەوەی پارە بلۆککراو و ئاودیوکراوەکانی عێراق کە لە 9 ی نیسانی 20014 لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو, نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق داوای گرتنەبەری سیاسەتێکی جیهانی کرد بۆ گەڕاندنەوەی پارە ئاودیوکراوەکانی عێراق.



PM:03:17:02/01/2015