ئیتاڵیا: بەردەوامدەبین لەهاوکارییەکانمان بۆ هەرێمی کوردستان

‌فۆتۆ: په‌رله‌مان
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، د.یوسف محەمەد سادق لەگه‌ڵ به‌ر‌پرسانی ئیتالیا کۆده‌بێته‌وه‌، به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌‌ که‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هاوکاریکردنی کوردستان.

له‌یەکەمین وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتی ئیتاڵیا پاشنیوه‌رۆ 9-2 سەردانی ئەنجومەنی سیناتی ئیتاڵیا(ئەنجومەنی پیران) و ئەرکانی سوپای ئەو وڵاتەی کردو لە لایەن سەرۆکی ئەنجومەنی پیران و سوپاسالاری ئەو وڵاتە پێشوازیکرا.
لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سوپاسی گەل و حکومەت و پەرلەمانی ئەو وڵاتەی کرد، کە هاوکاری پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دەکەن لە شەڕی دژ بە تیرۆرستاندا.

لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ (پیێترۆ گراسۆ) سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانی ئیتاڵیا، سەرۆکی پەرلەمان، دواهەمین قۆناغەکانی شەڕی دژ بە تیرۆرستانی بۆ گراسۆ خستە ڕوو. ئاماژەی بەوەدا بۆ بنبڕکردنی قەیران و توندوتیژیەکانی ناوچەکە، لە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە، ڕێز لە ئیرادەی گەلانی ناوچەکە بە تایبەت گەلی کوردستان بگیرێت. سەرۆکی ئەنجومەنی پیران، دەستخۆشی لە سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و ستایشی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کرد لە هەرێمدا و، داعشی بە دوژمنی مرۆڤایەتی پێناسەکرد.

دواتریش سەرۆکی پەرلەمان، سەردانی فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەکانی ئیتاڵیای کرد و لەلایەن ئەدمێراڵ(بینێللی ماندێلی) سوپاسالاری ئەو وڵاتە پێشوازیکرا، لەدانیشتنێکدا، سەرۆکی پەرلەمان، بەناوی پەرلەمان و خەڵکی کوردستانەوە، سوپاسی سەربازانی ئیتاڵیا کرد، کە لە سەرەتای شەڕی دژ بە تیرۆرستان هاوکاری پێشمەرگە و هەرێمی کوردستانیان کردووە، داواشیکرد مەشق و هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە فراوانترکەن، چونکە ئەمڕۆ پێشمەرگە سیمبوڵی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانە.
سوپاسالاری ئیتاڵیا، وتی "پێشمەرگە ئازایانە بەرەنگاریی تیرۆرستان دەبێتەوە، سەربازانی ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوکارییەکانمان بۆ هەرێمی کوردستان و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەم و لە نزیکەوە سەربازە ئیتاڵییەکان و پێشمەرگە و بەرەکانی شەڕ دژ بە تیرۆرستان بەسەر دەکەمەوە.
لە هەردوو دانیشتنەکەدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا و نوێنەری فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئامادەی دانیشتنەکە بوون و سەرۆکی پەرلەمان خەڵاتی تایبەتی پەرلەمانی پێشکەش بە سەرۆکی ئەنجومەنی پیران و سوپاسالاری ئەو وڵاتە کرد، کە لۆگۆی پەرلەمانی کوردستان و بەرهەمێکی دەستی و فۆلکلۆری کوردی بوو.
شاندی پەرلەمانی کوردستان، بەسەرۆکایەتی د.یوسف محەمەد سادق و بە یاوەری سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەردانی ئیتاڵیا و سوید دەکەن و چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە ساز دەکەن.



PM:09:25:09/02/2015