كاروباری كۆمەڵایەتی ده‌یه‌وێت سزادراوانی ئێرانی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئێران

لەبارەی مانگرتنی زیندانیانی نێو چاكسازی گەورانی سلێمانی ، بەرێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی رایدەگەیەنێت نوسراوی فەرمیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كردووە بۆ ئەوەی رێككەوتننامەكەی نێوان عێراق و ئێران جێ بەجێ بكرێت بۆ ئاڵوگۆركردنی گیراوانی هەردوو وڵات .

دوای ئەوەی چەند سزادراوێك لە چاكسازی گەورانی سلێمانی مانگرتنیان راگەیاندو داوای جێ بەجێ كردنی رێككەوتننامەی نێوان عێراق و ئێران دەكەن بۆ ئاڵوگۆركردنی سزادراوانی هەردوو وڵات ، محمد عمر كانی، بەرێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دا رایدەگەیەنێت: وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەوڵی خۆی داوەو بۆ ئەم مەبەستە نوسراومان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا كردووەو جەختمان لەوەكردۆتەوە كە پێویستە ئەم رێككەوتننامەیە كە لە نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران رێكخراوە جێ بەجێ بكرێت ، بەڵام تا ئێستا جێ بەجێ نەكراوە .
جێی باسە ئەو رێككەوتنننامەیە لە ساڵی 2014 لە نێوان هەردوو ووڵات واژووكراوە، لە هەرێمی كوردستانیش 170 سزادراو هەن كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانیتری ئێرانن و دەیانەوێت بگوازرێنەوە بۆ گرتوخانەكانی ئێران .

بەپێی دوایین ئاماری 2015/1/31 لەسەرجەم چاكسازیەكانی گەورانی هەرێمی كوردستان 2527 سزادراو هەیە .



PM:03:44:21/02/2015