بەپەلە.. كورد‌و سوننە پرۆژەیەكی شیعەكان شكست پێدێنن

هاوپەیمانی شیعە لەرێگەی رەوتی سەدرەوە پرۆژەی بەیاننامەیەكی خستەبەردم پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی دژی ئەو یارمەتییانە هەڵوێست وەرگرن كە ئەمەریكا بەنیاز بیدات بە كورد‌و سوننە، بەڵام كوتلە كوردستانیەكان لەگەڵ سوننەكان شكستیان پێهێنا.

لەمبارەیەوە كاوە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بەسپی میدیای راگەیاند: ئەمرۆ رەوتی سەدر پرۆژەیەكیان ئامادەكردبوو كە بەناوی هەموو پەرلەمانی عێراقەوە دژی ئەو كۆمەكە سەربازییانە بوەستینەوە كە ئەمەریكا بەنیازە بیدات بە حكومەتی بەغدا‌و لەدەرەوەی بەغداش بیدات بە كورد‌و سوننە.

كاوە محەمەد وتی: ئێمە‌و سوننە نەمانهێشت ئەم بەیاننامەیە دەرچێت، چونكە ئێمە پێشوازی لەوجۆرە یارمەتییانە دەكەین، لەبەر ئەوەی تا ئێستا حكومەتی بەغدا نەیتوانیوە بە ئەركە سەربازیی‌و داراییەكانی بەرامبەر بە پێشمەرگە هەستێت لە پڕچەككردن‌و پێدانی موچە.
ئەندام پەرلەمانەكەی عێراق وتیشی: ئەگەر ئێمە بەرپەرچی ئەو جۆرە كۆمەكانە بدەینەوە، چیتر وڵاتانی دیكە كۆمەكی سەربازیمان ناكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەوەی كە عێراق دەخاتە بەردەم دووكەرت بوون، كۆمەكی ئەو وڵاتانە نیە كە لەم قەیرانەی ئێستای عێراق بەدەم پێكهاتە جیاوازەكانەوە دێن‌و یارمەتی دەكەن، بەڵكو ئەو سیاسەتە مەركەزییانەی بەغدایە كە دژی پێكهاتەكانی عێراق پیادەی دەكات.
كاوە محەمەد وتیشی: ئێمە‌و سوننە دژی وەستاینەوە‌و هاوپەیمانی شیعە بەتەنیا مایەوە‌و ئاشكراش نیە كە ئایا بەتەنیا خۆی ئەو بەیاننامەیە بڵاودەكاتەوە یان نا؟

کۆنگرێسی ئەمەریکا پرۆژە بڕیارێکی ئامادەکردووە کە دەسەڵات دەدات بە ئیدارەی ئۆباما لەدەرەوەی دەسەڵاتی بەغدا کۆمەکی سەربازی پێشمەرگەو هێزە سونییەکانی عێراق بکەن، ئەمەش لەلایەن هێزو سەرکردە شیعەکانەوە بەتوندی بەرپەرچ دەدرێتەوە.



PM:03:55:30/04/2015