سەرۆکی پەرلەمان: هەمو پێکهاتەکان مافیان لە دەستووردا دەپارێزرێت

لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کلد و ئاشووری وسریانییەکانی هەرێمی کوردستان د.یوسف محەمەد سادق، باسی لە هەنگاوەکانی درووستکردنی لیژنەی تایبەت بە دەستووری هەرێمی کوردستان و شێوازی دەستوور و مافی پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی لە دەستووری هەرێمی کوردستاندا کرد.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٥ شەممە ٣٠ی نیسان، سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە (مەڵبەندی کۆمەڵایەتی عەینکاوە)لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی باڵای لایەنە سیاسییەکانی کلد و ئاشووری و سریانی کۆبوونەوە.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی لە مافی مەسیحی و کاکەیی و یەزیدی و تورکمان و پێکهاتە جیاوازەکانی تری هەرێمی کوردستان کرد و وتی " هەمو پێکهاتەکان مافیان لە دەستووردا دەپارێزرێت، دەبێت بەشێوازێک دەستووری هەرێمی کوردستان بنووسینەوە، هەمو نەتەوەو پێکهاتە جیاوازەکان بەشداربن لە نووسینەوەیدا و ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەقینەی پێکهاتەی هەرێمی کوردستان بێت، چونکە یەکێک لە شانازییەکانی هەرێمی کوردستان بوونی هەمەڕەنگییەکە لە ئاین و نەتەوەو پێکهاتەی جیاواز."
پاشان نوێنەری حیزبە مەسیحییەکان، سەرنج و تێبینی خۆیان سەبارەت بە دەستوور ومافەکانیان خستە ڕوو، داوایان کرد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی و هاوبەش لە هەرێمی کوردستان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، نەک وەک زۆرینە و کەمینەی ئاینی.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، سەرۆکی پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ناوەڕۆکی  کۆبوونەوەکەی لەگەڵ حیزبە مەسیحییەکان بۆ ڕۆژنامەنووسان خستە ڕوو.



PM:06:38:30/04/2015