كورد‌و سوننە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیان بەجێهێشت


فراكسیۆنە كوردییەكان‌و سوننەكان لەپەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەی ئەمرۆیان بەجێهشت كە باسی پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە‌و سوننەكان تاوتوێ دەكرا.

لەمبارەیەوە پەرلەمانتاری كورد، ئەحمەد حاجی رەشید بە سپی میدیای راگەیاند: ئەمرۆ شیعە هەموویان بە مەرجەعیەتیشەوە دەیانویست بەیاننامەیەك دەربكەن كە ئەو كۆمەكەی ئەمەریكا رەتبكەنەوە‌و ئەو كارە بە دەستێوەردان بۆ كاروباری عێراق ناوزەد بكەن.

لە هەفتەی پێشووەوە هاوپەیمانی شیعە لە پەرلەمانی عێراق دەیانەوێت بەیاننامەیەك لەسەر ئەو پرسە دەربكەن‌و دژی پڕچەككردنی كورد‌و سوننە لەدەرەوەی حكومەتی بەغدا بوەستنەوە كە بۆ ساڵی داهاتوو حكومەتی ئەمەریكا دەیەوێت پیادەی بكات.

ئەحمەدی حاجی رەشید وتی: ئەمرۆ ئێمە‌و سوننە هەوڵماندا بڕیارێكی تەوافوقی دەربكەین كە تیایدا ئاماژە بكەین كە دژی دابەشەكردنی عێراقین، بەڵام پێشوازیی لە ئەو كۆمەكە سەربازییانەی ئەمەریكا دەكەین بە مەرجێك لە رێگای دامەزراوە دەستورییەكانەوە دابەش بكرێت (هەرێم دامەزراوەی دەستوریی خۆی هەیە، سوننەش ئەنجومەنی پارێزگای ئەنباری هەیە كە هەر دوو دامەزراوەی دەستورین).
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: بەڵام ئەو پێشنیارە خرایە دەنگدانەو،ە هاوكات پێشنیارەكەی  شیعەش خرایە دەنگدانەوە، ئەوەبوو ئێمە‌و سوننە هۆڵی پەرلەمانمان جێهێشت‌و لە ئەنجامدا هاوپەیمانی شیعەی بە 166 دەنگ كە دەنگەكانی شیعە خۆیان بوو، بڕیارەكەیان پەسەند كرد.

ئەحمەدی حاجی رەشید وتی: هاوپەیمانی شیعە كە قسە لەسەر تەوافوقی پێكهاتەكان‌و لایەنە سیاسیەكان دەكات بەم كارەی تەوافوقی پێشگوێخست.

ئەو پێیوایە ئەم مەسەلەیە ئاكامی سیاسی بەدواوە دەبێت‌و هەر بەم دەنگدانە كۆتایی نایەیت.

لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمەریكی دەیەوێت لە بودجەی 2016ی ئەمەریكا بڕی 715 ملیۆن دۆلار تەرخان بكرێت بۆ پڕچەك كردنی عێراق لەو بڕەش 25%ی دابنرێت بۆ پرچەك كردنی كورد‌و سوننە بەراستەوخۆ لەدەرەوەی حكومەتی بەاغدا كە لەلایەن حكومەتی بەغداوە (هاوپەیمانی شیعە) دژایەتی دەكرێت.





PM:05:14:02/05/2015