پێشبینی دەکرێت ناڕەزایەتی شارەکانی تری رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە

لەگەڵ گەورەبوونی ناڕەزایەتی خەڵکی مهاباد، لەسەر خۆکوشتنی " فەرینار خوسرەوانی" پێشبینی دەکرێت ئەو ناڕەزایتیە شارەکانی تری رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە.

ماڵپەڕی کوردپا کە ماڵپەڕێکی رۆژهەڵاتە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەگەر زۆرە سبەینێ هەینی ٥/٨ دوای نوێژی نیوەڕۆ ناڕەزایەتیەکان شارەکانی مەریوان و  بۆکان و پیرانشاریش بگڕێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لەپاش نیوەڕۆی رۆژی پێنج‌شەممە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد هەروا بەردەوامن، هەرچەندە رژێمی ئێران لە شارەکانی دەوروبەری مەهاباددا هێزی تایبەتی بۆ سەرکووتکردنی هاوڵاتیانی ئەو شارە ڕەوانە کردووە.

ئەو ماڵپەڕە دەلێت، هەر ئێوارەی ٥/٧ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد کراوەتە ئامانجی هێرشی هاووڵاتییانی ناڕازی، بەڵام جۆری هێرشەکە و هەواڵی پێوەندیدار بە هێرشی چەکدارانەی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لە پێکدادانی ئەمڕۆی ٧/٥ شاری مهاباد لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران بریندار لەریزی هاوڵاتیاندا زۆرە کە هەندێکیان برینەکانیان مەترسیدارن.

رۆژی ٤/٥دووشەممە کچێکی لاوی خەڵکی مەهاباد بەناوی ''فەریناز خوسرەوانی'' کە فەرمانبەر بووە لە هۆتێلی تارای ئەو شارە، بەگوێرەی ئەو راپۆرتانە کە بڵاو کراونەتەوە، ناوبراو بۆ پاراستنی ''نامووس'' و بەرگرتن لە دەسدرێژیی بەرپرسێکی ئیتلاعات، لە نهۆمی چواری ئەو هۆتێلەوە خۆی خستووەتەوە خوارەوە.



AM:02:03:08/05/2015