نێچیرڤان بارزانی داوای یەکڕیزی تازە لە یەکێتی دەکات

نێچیرڤان بارزانی وەڵامێکی ئەرێنی پەیامەکەی کۆسرەت رەسوڵ دەداتەوەو دوای یەکڕیزیەکی سیاسی تازە لە یەکێتی دەکات.

لە وەڵامی پەیامەکەی کۆسرەت رەسوڵدا نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: پێمانوایە هاوپەیمانیەتیی چەند ساڵەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەركێكی زیاتر دەخاتە سەر شانی هەردوولا بۆ دروستكردنەوەی سازان و یەكڕێزییەكی تازەی سیاسیی نیشتمانی لە كوردستاندا.

دوێنێ ٨/١٤ کۆسرەت رەسوڵ لە پەیامێکدا لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بگەڕێینەوە بۆ پرۆژەکەی د. بەرهەم ساڵح و هەروەها داوا لە جەماوەری لایەنەکان دەکات فشار بکەن لە سەرکردایەتی حیزبەکان تابگەرێنەوە بۆ سازدان.

دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی:

ئەمڕۆ بەڕێز كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە پەیامێكدا داوای سازانی لە هەموو لایەنەكانی كوردستان كرد و پشتیوانیی خۆیشی بۆ پڕۆژەی بەڕێز بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕاگەیاند.
ئێمە پشتیوانی لەو پەیامەی بەڕێز كۆسرەت ڕەسووڵ دەكەین لەپێناو سازاندا و دووپاتی دەكەینەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵێكی زۆری دا لەپێناو یەكڕیزیی نیشتمانی و دروستكردنی سازان، ئێستاش پێداگیری لەسەر پاراستنی یەكڕیزیی نیشتمانی دەكەینەوە و پێمانوایە هاوپەیمانیەتیی چەند ساڵەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەركێكی زیاتر دەخاتە سەر شانی هەردوولا بۆ دروستكردنەوەی سازان و یەكڕێزییەكی تازەی سیاسیی نیشتمانی لە كوردستاندا.
لە هەمان كاتدا لەو بڕوایەداین كە پڕۆژەی بەڕێز بەرهەم ساڵح دەتوانرێت وەك بنچینەیەكی گفتوگۆكردن تەماشا بكرێت بۆ گەیشتن بەو سازان و یەكڕیزییەی كە خەڵكی كوردستان و دۆستانمان داوای دەكەن.

نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان



AM:09:35:15/08/2015