توركیا: لەهێرشی فرۆكە جەنگییەكان 771 پەكەكە كوژراون

هەواڵنێری ئەناتۆلی توركیا ئەمرۆ هەینی رایگەیاند بەهۆی بۆردومانی بارەگاكانی پەكەكە‌و شەڕی لەناوخۆی توركیا لەمانگی رابردوو 771 ئەندامی پەكەكە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێرییەكەی توركیا لە بۆردومانی بارەگاكانی پەكەكە لە خاكی باشوری كوردستان 511 گەریلا گیانیان لەدەستداوە. هاوكات لە ئەنجامی شەڕو پێكدادانەكان لەباكوری كوردستان 260 ئەندامی پەكەكە گیانیان لەدەستداوە.
هەر لەو ماوەیەشدا زیاتر لە هەزار‌و 700 كەس بەتۆمەتی هاوكاری لەگەڵ پەكەكە لەشارەكانی توركیا دەستگیركراون‌و 417 كەسیان رەوانەی دادگا كراون.

بەپێی هەواڵەكە هەر لەو ماوەیەدا 55 چەكداری تورك كوژراون‌و زیاتر لە 189 كەسیش برینداربوون‌و 144 ئۆتۆمبیلی سەربازییش ئاگریان تێبەردراوە.

حكومەتی توركیا پاش شكستی لە هەڵبژاردنەكانی توركیا بەرامبەر بە هەدەپە، بە هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچە سنورییەكانی باشوری كوردستان‌و هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ پەكەكە‌و هەروەها شەپۆلی گرتنی لایەنگرانی پەكەكە، هەوڵ دەدات لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا قورسایی هێز بۆ لای خۆی رابكێشێت.

ئەمەش لەكاتێكدا كە بەپێی هەواڵی میدیاكانی نزیك لە پەكەكە لە سەرجەم هێرشی فرۆكە جەنگییەكان بۆ سەر بارەگاكانی ئەو حیزبە كەمترین زیان بە گەریلاكان كەوتووە.



PM:02:36:21/08/2015