هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر داعش لەناوچەی مەخمور دەستپێكرد

سەرلەبەیانی ئەمرۆ هێزی پێشمەرگە بە هاوكاری چەكدارە سوننەكان هێرشیان كردسەر چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی مەخمور‌و گوێر.

لەمبارەیەوە ئەحمەد زاگە، لێپرسراوی كۆمیتەی گوێری یەكێتی بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی رایگەیاند: کەمێک پێش ئێستا ھێزەکانی پێشمەرگە بەھەماھەنگی ھێزی حەشدی وەتەنی (کە بریتین لەھێزە سوننیەکان)، لەگوندی کوشاف دەستیان بەھێرشکردن بۆ سەر گوندی تەتەر کردووە کە سەر بەناحیەی گەیارەیە.

سەبارەت بەئەنجامی ھێرشەکەو کۆنترۆڵکردنی شوێنی مەبەست، سەرچاوەکە وتی:"زیانی زۆر بەداعش گەیەنراوە، بەڵام تائێستا تەواوی گوندەکە کۆنترۆڵنەکراوە".
وتیشی:"پێشمەرگە پێشڕەویەکی زۆریکردووەو بەشێک لەگوندی تەتەریان کۆنترۆڵکردووە، چاوەڕوانیشدەکرێت لەوادەیەکی کەمدا تەواوی ئەوگوندە لەدەست تیرۆریستان ڕزگاربکەن، ھێرشەکە بەردەوامە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ھێرشەی ئەمڕۆی ھێزەکانی پێشمەرگەو حەشدی وەتەنی دوای ئەوە دێت، کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا داعش لەسنوری مەخمورو گوێڕ چەکی کیمیایی لەدژی بەپێشمەرگە بەکارھێناو ماوەیەکیش بوو بۆردومانی مەخمورو ناوچەکانیان دەستپێکردبوو.



AM:11:15:23/08/2015