هەولێر.. 1500 شوێنەوار لەماڵێك دەدزرێت‌و بەئاگاداری بەرپرسانی حیزبی‌و حكومی دەفرۆشرێت

ھێزێکی چەکداری ناسراو لەشاری ھەولێر ھەڵدەکەوتنە سەر ماڵێک و وێڕای دزینی ١٥٠٠ پارچە شوێنەوارو ١٨ کیلۆ زێڕی عەیارە ٢٤، دوو تەوراتیش دەدزن.

سۆران عومەر ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لەپەرلەمانی کوردستان، لەنوسراوێکدا کە ئاڕاستە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی کردوەو وێنەیەکی لەپەیجە تایبەتەکەی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکردۆتەوە، ئەوەیخستۆتەڕوو کە لەلایەن ھێزێکی چەکدارەوە کە ناسراون چونەتە سەر ماڵی کەسێک  لەشاری ھەولێر کە عەنتیکەخانەیەکی ھەیە.

ئەوەی ئاشکراکردوە، ئەو چەکدارە ناسراوانە ١٥٠٠ پارچە شوێنەواری بەھادار، ٢٨٠ پارچە زێڕی عەیارە ٢٤ کە سەرجەم پارچەکان ١٨ کیلۆگرام بوون، لەگەڵ دوو تەورات کە یەکێکیان ٥٠ مەترو ئەوی تریشیان ٧٤ مەتر بووە بردراوە.
سۆران عومەر ھەر لەنوسراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە کە جگە لەو زێڕو پارچە شوێنەوارانە، چەکێکی مۆڵەتدارو پارەی ماڵەکەو چەندین شتی تر دزراون.

بەگوێرەی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەو پارچە شوێنەوارانە لەخواروی عیراقەوە بەبڕی ٥٠ ملیۆن دۆلار کڕدراون بەئاگاداری بەرپرسیانی باڵای حزبی و حوکمی.

سۆران عومەر داواشدەکات، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوون بەو ڕووداوەو دۆزینەوەی ئەو پارچە شوێنەوارانە پێکبھێندرێت، دەشڵێت:"ئەگەر کەلوپەلەکان شوێنەواری بوون ببردرێن بۆ مۆزەخانە، ئەگەرنا ڕادەستی ئەو خێزانە بکرێن".






PM:12:01:01/09/2015