"مێژووی ناوچەکە گەمژەیەکی تری وەکو د.عەبدول لەتیف سەلەفی تیا نییە"

عەبدولەتیف سەلەفی تەکفیری هۆنراوەیەکی قانعی شاعیر دەکات، د. مەریوان وریا قانعیش بەتوندی وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت" باوەڕناکەم بە درێژایی مێژووی ئێمە و مێژووی ناوچەکە گەمژەیەکی تری وەک ئەم ”دکتۆر" عەبدول لەتیفە سەلەفییە بوونی ھەبووبێت".

لە وتارێکی رۆژی هەینیدا د. عەبدول لەتیف سەلەفی تەکفیری هۆنراوەی "ژینی لادێ سەیرانە"ی قانع دەکات، د. مەریوان قانع لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بەناونیشانی " گەمژەیی لە لوتکەدا" وەڵامی ئەو تەکفیرەی د. عەبدولەتیف دەداتەوەو دەڵێت" ڕەنگە گەمژەبوون لەخۆیدا کێشەیەکی گەورە نەبێت و لە ھەموو شوێنێکی دونیادا کەسانێک ھەبن ھیچ پەیوەندییەکی عەقڵیی و لۆژیکیی و تەنانەت ئەخلاقییان بە دونیا و مرۆڤەکانی ترەوە نەمابێتەوە، ئەوەی کێشەیە گەمژەیەک لەبەردەم میکرۆفۆن و لە تەلەفیزۆندا قسە بۆ خەڵک و کۆمەڵگا بکات. ببێتە چاوساغ و بە ئۆتۆمۆبێلی درع بپارێزرێت و پاسەوانی ھەبێت و وەک نوێنەری دین نمایشبکرێت".

د. مەریوان قانع کە مامۆستایە لە زانکۆی ئەمستەردام، دەڵێت" ئەم ”دۆکتۆرە" دیندارە ئەم دێڕە شیعرەی قانعی پێ کفرە: (فەرقی نییە نێر و مێ- هەرچی دانیشتووە لە دێ)، ئاخر گەمژەیی و جەھلێکی کەم وێنە و خەست نەبێت کەسێک ھەیە ئەو دێڕە بە کوفر بزانێت، پێموانییە تەنانەت مامۆستا وەھابییە سعودییەکانی ئەم پیاوە بەم ڕادەیە گەمژەبن".

د. مەریوان وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات لە ترس لە گەمژەیەکی لەم جۆرەیە وا دەکات زۆر پێویست بێت لە دەستوری ھەرێمی کوردستاندا بڕگەیەک ھەبێت تەکفیرکردنی مرۆڤەکان بە زنیدو و مردوەکانیانەوە، یاساغ بکات.

هۆنراوەکەی قانع
  
ژینی لادێ سەیرانە..... گەرچی تۆزێ گرانە
رۆژی نەورۆز ئەوەڵ ساڵ..... ئەکەونە ئیش کوڕ و کاڵ
یا جووت، یا جۆگە هێنان....بۆ ئاو داشتن دەغڵ و دان
یا تووتنە و یا درەو..... ناوەستن بە ڕۆژ و شەو
یا گێرە یا شەن کردن..... هەڵمەت بۆ فەرمان بردن
فەرقی نیە نێر و مێ...... هەرچی دانیشتووە لە دێ
هەموو خەریك فرمانن.... بە دەست هێنانی نانن
تا تەواو ئەبێ هاوین..... تێ ئەکۆشن زۆر بە تین
بەینێ لەویا بەتاڵن..... خەریکی ئیشی ماڵن
تیرەک لێدان، گڵەبان.... کۆڵان گرتن بە تەیمان
کە ئیش رووی کردە تەنکاو.....کۆ ئەبنۆ لە حەوز و ئاو
چەند دارێ بی لای مزگەوت..... هەندێ راست و هەندێ چەوت
بۆ سێبەر نێژراوە...... سەکۆی لە بن کراوە
ئەهلی دێ زۆر و کەم..... لەسەر سەکۆ ئەبن جەم
تاوێ شەڕە ئاو پرژێن...... بە گاڵتەوە شەڕە جوێن
تاوێ باسی ژن هێنان.....تاوێ تەریف دەغڵ و دان
دوو سێ رۆژێ بەم جۆرە.... بە گۆرانی و بە هۆرە
را ئەبوێرن بە شادی...... گاگا بیری ئازادی
گا تەگبیری جوتیاری.....گاگا خەمی هەژاری
قسەکانی د. عەبدولەتیف بە ڤیدیۆ..




AM:12:14:28/09/2015