پارتی لەسەر قەرزەكەی ژاپۆن روونكردنەوە دەدات


ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕەتیدەکاتەوە، ئەو بڕە پارەیەی بڕیارە لە وڵاتی ژاپۆن قەرز بکرێت، تەنھا بۆ ھەولێر بێت و ڕایدەگەیەنێت کە بەھیچ جۆرێک ناوی پارێزگا لەپرۆژەیاسای قەرزەکە نەھێندراوە، دەشڵێت:" پارەکە دەدرێتە سەرجەم پارێزگاکان".
 
ئەمڕۆ ٣١ی تشرینی یەکەم، لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای وەرگرتنی قەرز لە وڵاتی ژاپۆان کرا، ئەو قەرزەش تایبەتە بەپرۆژەی ئاوەڕۆ، لەئێستاشدا باس لەوە دەکرێت قەرزەکە تەنھا بۆ پارێزگای ھەولێر خەرجدەکرێت.

ئەشواق جاف ئەندامی فراکسیۆنی زەرد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندووە: ژمارەیەک پەرلەمانتارێکی عەرەب و ھاوکات چەند پەرلەمانتارێکی کوردیش دژایەتیی ئەو پرۆژەیاسایە دەکەن، چونکە ئەو قەرزە تایبەتە بەھەرێمی کوردستان.
 ئاشکراشیکردووە کە ئەو قەرزەی بڕیارە لە ژاپۆن بکرێت، بڕەکەی ٢٨٥ ملیۆن دۆلارەو پێشتریش دراوە بە چەند پارێزگایەکی دیکەی عیراق و لەماوەی ٤٠ ساڵیشدا بەسوودێکی کەم دەدرێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەحمەد حاجی ڕەشید بڕیاردەری  لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی:" بەبڕیاری ھۆشیار زێباری وەزیری دارایی عیراق، جگە لە ھەولێر، ھیچ پارێزگایەکی دیکەی ھەرێم لە وەرگرتنی ئەو قەرزە سوودمەند نابن.
 
لەبەرامبەریشدا ئەشواق جاف پەرلەمانتارەی پارتی، ڕەتیدەکاتەوە کە ئەو قەرزەی دەدرێتە ھەرێم تەنھا بۆ ھەولێر بێت و دەڵێت:"بەھیچ شێوەیەک ناوی پارێزگا لەپرۆژەکەدا نەھاتووەو تەنھا ئاماژە بەھەرێمی کوردستان دراوە، ھەرکاتێکیش پارەکە گەیشت، بەسەر ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمدا دابەشدەکرێت.



PM:03:54:31/10/2015