وەزارەتی دارایی: هەرێم قەرزی نەکردووە، سیولەی بانکەکانی بەکارهێناوە

وەزارەتی دارایی لەسەر ٧ ترلیۆن دیناری قەرزی بانکەکان  روونکردنەوە دەدات و دەڵێت" هەرێم بڕێكی كەم لە (سیولەی نقدی) ئەو بانكانە بەكارهێنراوە".

لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت "بەهیچ شێوەیەك هیچ بڕە پارەیەك قەرز نەكراوە لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە، لەو بانكانەی كە ڕێپێدراون لە لایەن بانكی ناوەندی عێراقی وە لقەكانیان لە هەرێمی كوردستانە".

لە روونکردنەوەکەدا کە دانەیەکی بۆ سپی نێردراوە، وەزارەتی دارایی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن بڕێكی كەم لە (سیولەی نقدی) ئەو بانكانە بەكارهێنراوە.

هەر لە ڕونكردنەوەكەشدا ئەوە ئاشکرا کراوە، ئەوەی هەیە  بڕێكی كەم لە (سیولەی نقدی) ئەو بانكانە بەكارهێنراوە، ئەویش سروشتی كاروباری بانكی یە لە كاتی ڕاپەڕاندنی ئیش و كاری ڕۆژانە دا.

روونکردنەوەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەو ڕەسیدەی كۆبۆتەوە لە حسابی بانكە ئەهلیەكان لە ئەنجامی مامەڵەكردنی ئەو بانكانە بووە بەو چەكانەی، كە لە هاوڵاتیان و كۆمپانیاكان بە شێوەی چەك وەرگیراوە، نەوەك بە شێوەی سیولەی نقدی (كاش). ئەمەش لەبەر ئەوە بووە هەرێم لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ دا لە بەغداوە بودجەی بۆ نەهاتووە.

دوێنێ بریاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەحمەد رەشید لە میدیاکاندا ئاماژەی بۆ کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دارایی عێراق کردووە لەگەڵ بانکی ناوەندی و لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی ئەو بانکە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە حکومەتی هەرێم ٧ ترلیۆن دینار قەرزاری ئەو بانکە ئەهلیانەیە کە لقیان لە کوردستان هەیە. 



PM:05:25:19/11/2015