عەبادی هاتە سەر خەت، بەتوندی دژی هاتنی هێزی تورکیا وەستایەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەتوندی دژی هاتنی هێزی سەربازی تورکیاوە بۆ بەعشیقە وەستایەوەو داوای دەستبەجێ کشانەوەی دەکات.

لە بەیانێکدا نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی هاتنی ئەو هێزەی تورکیا کە بە فەوجێکی زرێپۆش هەژمار دەکات بە هێڵی سوور و شکاندنی سەروەری عێراق دەداتە قەڵەم.
لەلایەکی ترەوە دوو بەرپرسی سەربازی ئەمەریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە ئەمەریکا ئاگاداری جووڵاندنی ئەو هێزەی تورکیایە، بەڵام لەچوارچێوەی جموجووڵی هێزەکانی هاوپەیماناندا نییە.

دوێنێ میدیا بیانییەکان بڵاویان کردەوە ‌هێزێکی تورکی هاتوونەتە ناوچەی بەعشیقەو لە سەربازگەی زەلکان جێگیرکراون، پارێزگاری موسڵ نوفل عاکوب هەواڵی ئەو هێزە تورکییەی لە نزیک بەعشیقە رەتنەکردەوە، بەڵام وتی " بۆکاری راهێنان هاتوونەتە عێراق".

تا ئێستا حکومەتی هەرێم لەسەر هاتنی ئەو هێزە هیچ لێدوانیکی فەرمی بڵاونەکردۆتەوە، هاوکات مەترسی ئەوە لە ئارادیە ئەو ‌هێزە بۆ لێدانی گەریلاکانی پەکەکە هاتبنە عێراق. 


دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەی کە گوایە تورکیا هێزێکی سەربازی ناردووتە نزیک شاری موسڵ، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، تورکیا بەبێ خواستی عێراقییەکان هاتووە و پێویستە دەستبەجێ ئەو هێزە بکشێنێتەوە.
حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە " زانیاریمان هەیە هێزێکی تورکی بە پاڵپشتی تانک و چەکی قورس هاتوونەتە خاکی عێراقەوە و ڕاگەیاندراوە کە بۆ ڕاهێنان بە هێزە عێراقییەکان هاتوون لەکاتێکدا عێراق هیچ پێشنیازێکی لەو جۆرەی بۆ ئەنکەرا نەکردووە تا هێز لەو ناوچانە جێگیر بکات".
لە بەیاننامەکەی عەبادییدا هاتووە ئەو هەنگاوەی تورکیا شکانی سەروەری خاکی عێراقە و ئەو بابەتە بە جدی وەردەگرن.
ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ هەینی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی تورکیاوە ڕایگەیاندبوو هێزە تورکییەکە بۆ ڕاهێنانی هێزە عێراقییەکان چونەتە نزیک خاکی عێراق.
هاوکات ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکی بڵاویکردوەتەوە "گۆڕانکاریکراوە لەو یەکینە سەربازییەی تورکیا کە لە نزیک شاری مووسڵ بەمەبەستی ڕاھێنانی ھێزەکانی پێشمەرگە جێگیر کرابوون، و بۆ ئەو مەبەستە دوێنێ ١٥٠ سەربازیی تورکیا لەگەڵ نزیکەی ٢٠ تانک، بەرێگای وشکایی رەوانەی ناوچەی بەعشیقە کران".
بابەتی جوڵاندنی هێزی سەربازی لەلایەن تورکیاوە بۆ ناوخاکی عێراق ڕای جیاوازی لەسەرە و ئەگەری ئەوەش هەیە تورکیا بەبیانوی شەڕی داعش و ڕاهێنانی سەربازی بە هێزە عێراقییەکان نزیک بێتەوە لە شاری موسڵ کە پێشتر لە مێژوودا ئەو بەشەی عێراق بەشێک بووە سەر بە تورکیا.



AM:09:57:05/12/2015