پارتی: کاتی ئەوەیە‌ ناکۆکییەکان وەلاوە بنێین‌و دەست بەگفتوگۆ بكەینەوە

ئەندامێكی سەرکردایەتی پارتی ده‌ڵێت، دەست دەکه‌ینه‌وه‌ بە گفتووگۆ لەگەڵ لایەنەکان و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانیش لەپێش هەموو بەرژەوەندیەکانەوە دادەنێیت.

ئه‌حمه‌د كانی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی حیزبەكەی وت: "وه‌كو پارتیی دیموكراتی كوردستان، بڕیارە لەسەر پرسە هەنووکەییەکانی کوردستان و چارەسەری گرفتەکان لەگەڵ لایەنەکان دووبارە بچینەوە سەر مێزی گفتووگۆ.

وتیشی: "ئێمە لەکاتی گفتووگۆ کردن لەگەڵ لایەنەکان مەرجی پێش وەختە قبوڵ ناکەین چونکە تۆ كه‌ چوویتە گفتووگۆ وه‌و  ئامادەبوویت گفتووگۆ بکەی ئیتر مەرجی چی، وەکو پارتی پێمان وایە قۆناغی گرنگ و هەستیارمان لەبەردەم دایە و کاتی ئەوەهاتووه‌ کە سەرجەم ناکۆکییەکانمان وەلاوە بنێین و دووبارە دەست بکەینەوە بە گفتووگۆ".

ئه‌و ئەندامه‌ی سەرکردایەتی پارتی ئەوەشی خستەروو، "وەک پارتیی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لەهەرهەوڵێک دەکەین كه‌ لەلایەن لایەنەکانەوە بنرێت بۆ چارەسەرکردنی گرفته‌كانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دوای پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی) بۆیه‌ دەبێت لایه‌نه‌كانیش بەخەم خۆریەوە بەدەم ئه‌و بانگەوازەکەوە بچن، چونکە پەیامەکەی به‌رێزیان  ڕوون بوو و خۆی رێگا چارەسەری داناوە بۆیه‌ دەبێت لایه‌نه‌كانیش لەسەر یەکێک لەو چارەسەرانه‌‌ رێکبکەون".



PM:06:53:08/01/2016