بانگەوازی بەپەلەی رێكخراوی مافی مرۆڤ لەسەر دۆخی باكوری كوردستان

رێكخراوی مافەكانی مرۆڤ لە توركیا سەبارەت بە دۆخی ئێستای باكوری كورستان‌و هێرشەكانی سوپای تورك‌و كۆمەڵكوژییەكان بانگەوازێك بڵاودەكاتەوە.

بەپێی بانگەوازەكە بەهۆی هێرشی سوپای تورك بۆ سەر شارو ناوچەكانی باكوری كوردستان ملیۆنێك‌و سێ سەد هەزار كەس هاتوچۆیان لێ قەدەغە كراوە‌و لەم ماوەیەشدا 150 كەسی مەدەنی كە ژن‌و منداڵیشیان تێدایە كوژراون.

لە بانگەوازەكەدا هاتووە: ھێرشی بەردەوامی سوپای تورک بۆسەر ناوچەکانی شرناک و ماردین و دیاربەکر و ھەکاری و موس دۆخێکی تەواو ترسناکی دروستکردوە. ئەم سوپایە ئەو ناوچانەی بەڕووی میدیاکانی ناو تورکیا و میدیا جیھانییەکاندا، بەڕووی ئۆرگانەکانی مافی مرۆڤدا و بەڕووی ئەو پەرلەمانتارانەشدا داخستوە کە دەیانەوێت بزانن چی لەو ناوچانەدا ڕوویانداوە و بەچ شێوەیەک مافەکانی مرۆڤیان تێدا پێشێلکراوە. بەپێ ڕاپۆرتی ھەندێک لەو ئۆرگانە مەدەنییانەی کە توانیویانە بچنە ناوچەکەوە، ئاشکرابووە کە سوپا خەڵکە مەدەنیی و بێچەک و سڤیلەکەی کردۆتە ئامانج و ھەم بەچەکی قورس و ھەم بەچەکی سوک لێیداون. ژمارەی یەک ملیۆن و سێ سەد ھەزار کەس بوونەتە قوربانی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ و ١٥٠ کەسی مەدەنیش، کە تیایاندا ژن و منداڵ ھەیە، کوژراون. ژمارەیەکی تریش بریندارکراون و چەندانیش بەبێ ھیچ داوەریکردنێک گیراون، سەدان ھەزاریش بێماڵ و حاڵ کەوتوون و ئاوارەبوون. بەشێکی زۆری خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک پزیشکی و قوتابخانەکان نەماون و منداڵان لە خوێندن بێبەشکراون.



PM:08:04:08/01/2016