بارزانی: دەبێت ڕێکەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی موسڵ هەبێت

بارزانی لەدیدارێك لەگەڵ شاندێكی حكومەتی هۆڵەندا رایگەیاند دەبێت ڕێککەوتن هەبێت موسڵ دوای ڕزگارکردنی چۆن بەڕێوەببرێت.

مەسعود بارزانی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لەگەڵ لۆدڤایك ئاشەر جێگری سەرۆك وەزیران و ژەنین هێنس پلاشخارت وەزیری بەرگری و جەنەڕاڵ تۆم میدن دۆرپ سوپاسالاری هۆڵەندا و جان واڵتماز باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و ڤان دێر زاندی كۆنسوڵی هۆڵەندا لە هەولێر کۆبووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە "بارزانی مەترسییەكانی توندڕۆیی و ڕێكخراوی داعشی بۆ سەر مرۆڤایەتی بۆ شاندی میوان خستەڕوو و باسی لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعش و گەشەكردنی لە عێراق كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە قۆناغی دوای شكستدانی داعش بە بایەخەوە سەیر بكرێت و دەبێ ڕێككەوتنێك هەبێت كە لەدوای ڕزگاركردنی موسڵ ناوچەكان چۆن بەڕێوەببردرێت".

بەپێی ڕاگەیەندراوە کە لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمدا بڵاوکراوەتەوە لۆدڤایك ئاشەر جێگری سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا جەختیشی لە بەردەوامی پشتیوانی وڵاتەكەی كردەوە لە كوردستان و هێزی پێشمەرگە".



PM:03:52:10/01/2016